"كۆماری قه‌ره‌باغ" داوا له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات دان به‌سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌یدا بنێت
"ئه‌مه تاكه رێگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایش و سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه بگه‌ڕێته‌وه"
K24- هه‌ولێر:
"كۆماری قه‌ره‌باغ" كه تا ئێستا دانی پێ نه‌نراوه، داوا له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات، دان به سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌یدا بنێت و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، "ئه‌مه تاكه رێگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایش و سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه بگه‌ڕێته‌وه"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و جه‌نگه‌ی ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه له‌سه‌ر ئه‌و هه‌رێمه "قه‌ره‌باغ"، له نێوان هه‌ریه‌ك له وڵاتانی ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا ده‌گوزه‌رێت.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ره‌باغ نووسیویه‌تی: "داوا له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین، دان به "كۆماری ئه‌رتساخ" (ئه‌و ناوه‌ی ئه‌رمینیا له قه‌ره‌باغ دایناوه)ـدا بنێت، له پێناو ده‌سته‌به‌ری مافی هاووڵاتیانی له ژیان و گه‌شه‌پێدانی ئاشتیانه". هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه، "له‌م دۆخه‌دا دانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی به كۆماری "ئارتساخ" تاكه رێگه‌یه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچه‌كه".
هه‌روه‌ها به‌یاننامه‌كه پێشوازی له هه‌وڵی سه‌ركرده‌ی وڵاتانی هاوبه‌ش له "كۆمه‌ڵه‌ی مینسك"ی سه‌ر به رێكخراوی ئاسایش و هاوكاری ئه‌وروپا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به شێوه‌یه‌كی گشتی كرد، "كه داوای دانانی سنوورێك بۆ ده‌ستدرێژییه‌كانی ئازه‌ربایجان و هێوردركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه ده‌كه‌ن"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ته‌واوی داواكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و بانگه‌وازه‌كان به‌توندی هاوپه‌یمانێتی سێقۆڵی نێوان توركیا و ئازه‌ربایجان و رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه".
به‌یاننامه‌كه ئازه‌ربایجان به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات، كه "پێشێلكاری مه‌ترسیداری به‌رامبه‌ر یاسا و داب و نه‌ریته مرۆڤیایه‌تییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات"، گوتیشی: "هێزه‌كانی ئازه‌ربایجانی ـ توركی به‌مه‌به‌ست شار و گوند و ئاواییه‌كان ده‌كه‌نه ئامانج، به‌و هۆیه‌شه‌وه تا ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر له ریزه‌كانی سڤیل بوونه‌ته قوربانی".
H.B