هێزێک چووەتە سەر بارەگای کەناڵە تەلەفزیۆنییەکەی لاهور شێخ جەنگی

ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئابی 2025، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی ڕایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر هێزێکی زۆر لە پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەروازە ستی، چوونەتە سەر بارەگای سەرەکی کەناڵی تەلەفزیۆنی 'زووم'، کە سەر بە لاهور شێخ جەنگییە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، بارەگای کەناڵە چۆڵکراوە و هیچ کارمەندێکی تێدا نەماوە، بەڵام هێزەکە دەرگای کەناڵەکەیان شکاندووە و چوونەتە نێو بارەگاکە.

دوای چەند کاتژمێرێک لە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ هێزەکەی لاهور شێخ جەنگی، لە هوتێل لالەزار و پاش کۆنترۆڵکردنی هوتێلەکە و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و هەردوو براکەی پۆڵاد و ئاراس و ڕێبوار حامید حاجی غالی، فەرماندەی هێزی دووپشک، ئێستا هێزێکی یەکێتی چوونەتە سەر کەناڵی تەلەفزیۆنەکە.

شەوی ڕابردوو شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و هێزەکانی لاهور شێخ جەنگی دەستیپێکرد و هەر زوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند،  ئەم گرژی و پێکدانانەی لە سلێمانی ڕوو دەدات، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێویستیشی زانیوه‌، هەموو لایەک دان بە خۆیاندا بگرن و دەستبەجێ ئەو پێکدادانانە ڕابگیرێت  و گەنجانی ئەم وڵاتە نەکرێنە قوربانی، هەر کێشە و ناکۆکییەکیش هەبێت پێویستە بە ڕێگەی یاسایی چارەسەر بکرێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment