دادگای سلێمانی: لاهور شێخ جەنگی دەتوانێت تانە لە بڕیارەکەی دادگا بدات

گوتەبێژی دادگای سلێمانی دەڵێت، بەپێی ماددەی 56، لە یاسای  سزادانی عێراقی، دوو پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارەکانی دیکە دەکرێتەوە، پاشان دەدرێنە دادگا.

هەینی، 22ـی ئابی 2025، سەڵاح حەسەن، گوتەبێژی دادگای سلێمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەگەر لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارەکانی دیکە بەبێ ڕووبەڕوبوونەوەی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش خۆیان ڕادەست بکردبووایە، تەنیا بە ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکران، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و سێ شەهید و 19 بریندار هەن، کە لە کاتی ئەرکەکەیاندا لەلایەن هێزەکانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی کراونەتە ئامانج، بۆیە بە پێی ماددەی 406ـیش پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران دەکرێتەوە.

 گوتیشی: هەموو تۆمەتبارێک لە بەردەم دادگا مافی پارێزراوە، لە کاتی  دادگایکردنی تۆمەتبار لاهور شێخ جەنگی و ئەوانی دیکە دەتوانن تانە لە بڕیارەکە بدەن و پارێزەر بگرن.

 ئەمە لە کاتێکدایە شەوی ڕابردوو شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و هێزی لاهور شێخ جەنگی دەستی پێکرد، دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕووبەڕووبوونەوە هەریەک لە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای دەستگیر کران.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment