لاریجانی: ئێران ڕادەست نابێت و ڕەنگە لە پەیماننامەی قەدەغەی چەکی ئەتۆم بکشێینەوە

ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت: دانوستان کاتێک بەرهەمی دەبێت کە لایەنی بەرانبەر تێبگات جەنگ کێشەکان چارە ناکات. جەختی لەوەش کردەوە، ئێران هەرگیز ڕادەست نابێت و کشانەوەش لە پەیماننامەی قەدەغەی چەکی ئەتۆم ئەگەرێکی کراوەیەوە.
هەینی 22ـی ئابی 2025، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە میانی چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: قسەکردن لەسەر فشارخستنە سەر ئێران بۆ ناچارکردنی تا ڕادەست بێت، تەنیا قسەیەکی بێ مانایە، چونکە ئێران هەرگیز ڕادەست نابێت.
لە بارەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا، لاریجانی ئاماژەی بەوە دا، دانوستانەکان کاتێک بەرهەمیان دەبێت کە لایەنی بەرانبەر تێبگات جەنگ نابێتە هۆی چارەکردنی کێشەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران هەرگیز دەستبەرداری دیپلۆماسییەت نابێت.
سەبارەت بە پەیماننامەی قەدەغەی چەکی ئەتۆم، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ڕوونی کردەوە، کشانەوەی ئێران لە پەیماننامەکە ئەگەرێکی کراوەیە، چونکە تا ئێستا هیچ سوودێکی بۆ وڵاتەکە نەبووە.
لاریجانی لە درێژەی قسەکانیدا، لە بارەی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ڕایگەیاند: سەرەڕای ئاگربەست، بەڵام ئێمە هێشتا لە دۆخی جەنگداین. گوتیشی: پێویستە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکان بۆ سەر ئێران بکرێت.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانیشی کوشت.
لە بەرانبەردا، ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.
بەرەبەیانیی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو ڕێککەوتنەکە "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.