لە پارێزگای سیستان و بەلوجستان 6 چەکدار کوژران

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئیتڵاعات لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان هەواڵی کوشتنی 6 چەکداری ڕاگەیاند.
شەممە، 23ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، لە زاری پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئیتڵاعات لە پارێزگای سیستان و بەلوجستان، بڵاوی کردەوە "هێزێکی هاوبەش لە سوپای پاسداران، ئیتڵاعات و پۆلیس، بەرەنگاری گرووپێک چەکدار بوونەتەوە کە لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە هاتبوون، پاش چەند کاتژمێر شەڕ و پێکدادان، 6 چەکدار کوژران و دوو چەکداری دیکەش بە دیل گیراون."
بە گوێرەی هەواڵەکەی تەسنیم، چەکدارەکان هەشت کەس بوونە و ئاڕپیجی، دەزگای بێتەل و تفەنگی جۆری ئێم 16 و ئێم 4ـیان پێ بووە.
ئاژانسەکە، هەروا ڕایگەیاندووە "ئەو چەکدارانە بە نیازی تێکدەرانە دژ بە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران بە ئۆتۆمبیل و ماتۆڕسکیل، سنوورەکانی وڵاتیان بەزاندووە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئیتڵاعاتی پاێزگای سیستان و بەلوجستان، برینداربوونی دوو ئەندامی ئیتڵاعات و پۆلیسێکی لەو پێکدادانەدا ڕاگەیاندووە.
دوێنێ، هەینی، ئاژانسی تەسنیم، بڵاوی کردبووە لە هێرشێکی چەکدارانەدا بۆ سەر دوو یەکەی پۆلیسی چاودێریی لە شارۆچکەی ئێرانشەهەر، لە پارێزگای سیستان و بەلوجستان، پێنج پۆلیس کوژران، بەڵام نازانرێت ئایا ئەو چەکدارانەی ئەمڕۆ کوژراون، دەستیان لە هێرشەکەی دوینێدا هەبووە یان نا؟