هۆشیار زێباری هۆشداریی لە شەفافنەبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەدات

ئهندامێكی دهستهی كارگێڕیی مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشداریی لە شەفافنەبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەدات و دەڵێت: دابەشکردنی ملیارەها دۆلار بەسەر کاندیدەکان و کڕینی کاری دەنگدان، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە لە هەڵبژاردندا ساختەکاری دەکرێت.
شەممە 23ـی ئابی 2025، هۆشیار زێباری، ئهندامی دهستهی كارگێڕیی مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوویەتی: پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق پاک و بێگەرد نابێت، بەهۆی ئەوەی سەرچاوەکانی دەوڵەت لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پرۆژە و گرێبەست بە هەندێک بازرگان بەدەر لە ڕێنماییەکانی گرێبەستی حکوومی، بەکار دەهێنرێت.
هاوکات نووسیوویەتی: دروستکردنی لیستی چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ لەناوبردنی ئابووریی وڵات و دابەشکردنی ملیارەها دۆلار بەسەر کاندیدەکانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژارن و کڕینی کارتی دەنگدەر، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە لە هەڵبژاردنی ئەم جارە ساختەکاری دەکرێت و بە پاک و بێگەردی بەڕێوە ناچێت.
هۆشیار زێباری، داوا لە دەسەڵاتی دادوەری عێراق و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی) و کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان دەکات بێنە سەر هێڵ و ڕێوشوێنی توند لە دژی سەرپێچیکاران بگرنەبەر، هەروەها ناویان ئاشکرا بکەن لە پێناو شەفافبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردبووەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.