دەم پارتی داوای چارەسەریی بنەڕەتی ئاشتی و ناساندنی زمانی کوردی دەکات

گردبوونەوەی دەم پارتی لە پارێزگای وان
گردبوونەوەی دەم پارتی لە پارێزگای وان

دەم پارتی لە لە پارکی موسا عەنتەر لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان گردبوونەوەیەکی جەماوەریی ڕێکخست، لە گردبوونەوەکەدا، هاووڵاتییان داوای سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی بنەڕەتی پرسی کوردییان کرد، هەروەها پشتیوانییەکی بەهێزیشیان بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی نیشاندا.

گوتاربێژانی گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، داوایان لە کۆمسیۆنی ئاشتی پەرلەمانی تورکیا کرد، بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، لەگەڵ ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)، عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببنەوە.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، هاوسەرۆکی دەبەپە کەسکین بایندەر، هەروەها گوڵتەن قشەناغ لە ژنانی ئازاد گوتاریان پێشکەشکرد و داوای چارەسەری پرسی کوردیان کرد.

تونجەر باکرهان لە گوتارەکەیدا لەبەردەم جەماوەر گوتی: پێویستە کۆمسیۆن دەستبەجێ کار بۆ دیدارێک لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، دروستکردنی کۆمسیۆنەکە کارێکی گرنگ و باشە، بەڵام پێویستە لەگەڵ گوتەکانیدا کە دەیدات، هەنگاویش بۆ چارەسەریی بنێت.

باکرهان داوای لە ئەندامانی کۆمسیۆنەکە کرد، هەرچەند ئایدۆلۆژیاکانیان جیاواز بێت، با لەپێناو ئاشتی بۆچوونەکان بکرێنە یەک، گوتی: ئێمە چارەسەرییەکی بنەڕەتیمان دەوێت.

لەبەرانبەر ڕێگریی کردن لە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە تورکیا، هەڵوێستی توند لەو گردبوونەوەیە نیشاندرا، یەک لەو پیاوە کوردانەی بۆ ناساندنی زمانی کوردی دەنگی بەرز دەکردەوە، بۆ کوردستان24 گوتی: چەندین ساڵە خەبات بۆ ناساندنی زمانی کوردی دەکەین.

یەک لە دایکانی وانیش کە لە گردبوونەوەکە هاتبوو دەنگی خۆی بخاتە نێو دەنگی سەدان هەزار کوردی دیکە بۆ چارەسەریی ئاشتی، بۆ کوردستان24 گوتی: ئێمەی دایکانی باکووری کوردستان، دەمانەوێت بە زمانی دایکی خۆمان قسە بکەین، ڕۆڵەکانیشمان  بە زمانی دایکی خۆیان قسە بکەن.

دایکێکی دیکە هەر بۆ کوردستان24 گوتی:  ئێمە بۆ برایەتی هاتووین، داوای برایەتی دەکەین، هاوکات دایکێکی دیکە گوتی: پشتیوان بەخوای گەورە ئەمە دەبێتە دوا گردبوونەوە و خۆنیشاندان، دەبێتە گردبوونەوەی برایەتی و دڵخۆشی و کەیفخۆشیی، ئێمە بۆ بڵاوکردنەوەی برایەتی هاتووین و گردبووینەتەوە، هاتووین دڵخۆشیی بڵاو بکەینەوە.

لە گردبوونەوەی وان بۆ ئاشتی و دیموکراسی پارێزگای وان، داوای بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی کرا، قسەکەرانی دەم پارتیش دەڵێن: بۆ چارەسەریی ئاشتی، مانگی ئەیلوول چالاکییەکانیان بەو گەرم و گوڕییە لە باکووری کوردستان و تەواوی تورکیا بەردەوام دەبێت.