سبەی پرۆسەی نوێکردنەوەی پسولەی خۆراک کۆتایی دێت، لە 1ـی ئەیلوول دەبێتە پارە

پرۆسەی نوێکردنەوە و بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک تاوەکوو سبەی شەو بەردەوام دەبێت، دوای ئەو وادەیە ڕادەگیرێت، چونکە دوو جار وادەی خۆتۆمارکردن درێژکرایەوە. هەروەها بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پێشووتر هەبوونە لە 1ـی 9ەوە پرۆسەکە دەبێتە پارە و بڕی 10 هەزار دینار لەهەر هاووڵاتیەک وەردەگیرێت، کە بیەوێت پرۆسەکە ئەنجام بدات.
سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسولەی خۆراکی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سبەی دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، کاتژمێر 12ـی شەو، پرۆسەی نوێکردنەوە و بە ئەلیکترۆنیکردنی پسولەی خۆراک کۆتایی پێدێت. بۆیە هەر هاووڵاتیەک کە ماوە دەتوانێت ئەو دەرفەتە لەدەست نەدات و پسولەی خۆراکی نوێ بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە 85%ـی پسولەی خۆراکی بە شێوازی ئەلیکترۆنی نوێکردووەتەوە، دەشڵێت: لە شاری هەولێر ڕێژەکە 87%ـە، ئەمەش ڕێژەیەکی باشە بەراورد بە شارەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا دەمانەوێت زۆرترین هاووڵاتی سوودمەند بێت.
سیامەند قادر گوتیشی: ئێمە داوامان کردووە تاوەکوو 1-9، ئەپلیکەیشنەکە هەر بەکراوەیی بمێنێتەوە، بەڵام ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین بچینە قۆناغی دووەم، کە قۆناغی چالاککردنی مامەڵەی خزمەتگوزاریی هاووڵاتیانە کە لەهەمان ئەپلیکەیشن، کە ئەوەی نوێشی نەکردبێتەوە ئەوکات دەتوانێت پرۆسەی نوێکردنەوەکە ئەنجام بدات، یان ئەوەی منداڵ زیاد بکات، یان ئەوانەی لەدەرەوەی وڵات دێننەوە دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن. بەڵام ئەوکات بە بڕێک پارەیە و بە ڤیزە کارت پارەکە دەدات.