کشتوکاڵی هەولێر: ڕۆژانە زیاتر لە سێ هەزار تۆن بەرهەمی ناوخۆیی هەناردە دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە زیاتر لە سێ هەزار تۆن بەرهەمی ناوخۆیی هەناردە دەکرێت. بەتایبەتی تەماتە، پیاز، و خەیار. هەموو ئەو بەرهەمانەی کە لە بازاڕدا زۆرن، بەرهەمی جووتیارانی خۆمانن و لە پێداویستی ناوخۆ زیاترن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، لە لیدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕۆژانە سەوزە و میوە لە سنوورەکانی پەروێزخان و حاجی ئۆمەرانەوە هاوردە دەکرێت. هەر هاوردەکردنێک بەبێ ڕەزامەندی و ئاگاداری ئێمە نایاساییە و زیانی بۆ جووتیاران و سامانی نیشتمانی هەیە.

هێمن سەید موراد دەڵێت: ئێمە پشتیوانی لەو بازرگانانە دەکەین کە بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ دەکڕن. هەندێک جار ڕێگری لەو جووتیارانە کراوە کە لە شوێنی دیکەوە بەرهەمیان هێناوە، بەڵام وەک بەڕێوبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، هیچ کێشەیەکمان نییە.

دەشڵێت: ڕۆژانە ڕێگە بە هەناردەکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان دەدرێت بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان و شارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق.

هەروەها ئێمە خۆمان هاوسەنگی بازاڕ ڕادەگرین و بە جددی کاردەکەین بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک ڕێگری لە هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران نەکات، جا لە سلێمانی بێت یان دهۆک.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ئاماژەی دا، تا ئەمڕۆ کاتژمێر 10ـی بەیانی، زیاتر لە 100 بارهەڵگر بەرهەمی جووتیارانیان هەناردە کردووە و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ڕۆژ بگاتە 200 بارهەڵگر. و تا ئێستا نزیکەی 250 هەزار تۆن بەرهەمی جووتیاران هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە کراوە.

هێمن سەید موراد راشیگەیاند، ڕۆژانە زیاتر لە سێ هەزار تۆن بەرهەمی ناوخۆیی هەناردە دەکرێت. بەتایبەتی تەماتە، پیاز، و خەیار. هەموو ئەو بەرهەمانەی کە لە بازاڕدا زۆرن، بەرهەمی جووتیارانی خۆمانن و لە پێداویستی ناوخۆ زیاترن، بۆیە ڕێگەیان پێدەدرێت هەناردە بکرێن و هیچ ڕێگرییەک نییە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment