ڕاکان جبوری لە بەربژێری بۆ پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق بڵاوی کردەوە، ڕاکان سەعید عەلی ناسراو بە( ڕاکان جبووری) پارێزگاری پێشووی کەرکووک بەهۆی سەرپێچیکردن لە ماددەی(7 بڕگەی 3) یاسای هەڵبژاردن، لە خۆبەربژێرکردن دوور خرایەوە.
شەممە 24ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بڵاوی کردەوە، بڕیاری دوورخستنەوەی ڕاکان سەعید عەلی، ناسراو بە (ڕاکان جبووری) لە لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەرهێندراوە بەهۆی سەرپێچیکردنی لە یاسای کۆمسیۆن.
کۆمیسیۆن وێنەی بڕیارەکەی بۆ فەرمانگەی هەڵبژاردن ناردووە بۆ ئەوەی هەرچی پێویستە جێبەجێ بکرێت بۆ سەپاندنی بڕیارەکە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارەکە لە پێگەی فەرمی کۆمسیۆن بڵاوبکرێتەوە.
پێشتر، حەسەن قەباس، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی عێراق گوتبووی، ژمارهی كاندیده دوورخراوهكان له ههڵبژاردنی خولی داهاتووی پهرلهمان، گهیشتووهته 470 كاندید.
20ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردبوو، ئەو پارت و هاوپەیمانێتییانەی کاندیدەکانیان دوورخراونەتەوە، ماوەی سێ ڕۆژیان لەبەردەستە بۆ جێگرتنەوەی کاندیدە دوورخراوەکانیان، لە کاتێکدا بەسەدان کاندید بە تۆمەتی جیاواز لە کێبرکێی هەڵبژاردن دوورخراونەتەوە.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردبووەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.