ئێران.. چەکداماڵینی حزبوڵڵا جێبەجێ ناکرێت و دەبێتە هۆی شەڕی ناوخۆیی

شارەزایانی سیاسی و میدیایی ئێرانی جەخت لەوە دەکەنەوە "بڕیاری چەکداماڵینی حزبوڵڵا بڕیارێکی ئەمەریکی و سعوودییە و جێبەجێکردنی بە واتای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە لوبنان دێت."
ڕۆژی یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی میهر، کۆنفرانسێکی دەربارەی بابەتی چەکداماڵینی حزبوڵڵای لوبنانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک پسپۆڕ و شارەزای سیاسیی و میدیایی ئێرانی و لوبنانی ڕێکخست؛ بەشداربووان لە کۆنفرانسەکەدا ڕا و هەڵسەنگاندنی خۆیان لەسەر ئەم پرسە خستە ڕوو.
بە بۆچوونی شارەزایان، ئەم بڕیارە بڕیارێکی نیشتمانیی لوبنانی نییە، بەڵکو ئەمەریکا و عەرەبستانی سعوودییە ئەم پڕۆژەیەیان خستووەتە گەڕ و بەدواداچوونی بۆ دەکەن. ئەوان پێیانوایە کەسانی وەک جۆزێف عۆن، نەواف سەلام و کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی و میدیایی، هاوکاری ئەمەریکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە. هەروەها بەهۆی کشانەوەی وەزیرە شیعەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنان، ئەم بڕیارە کۆدەنگیی نیشتمانیی لەسەر نییە و ناکرێت جێبەجێ بکرێت.
چەکداماڵینی حزبوڵڵا پێشێلکردنی ڕێککەوتنی تائیفە
محەممەدڕەزا مورادی، بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتیی ئاژانسی میهر، گوتی: ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنان پرسی چەکداماڵینی حزبوڵڵای لە کاتێکدا هێناوەتە ئاراوە کە شارەزایان پێیان وایە ئەم بابەتە وەک شمشێرێکی دووسەر وایە و دەتوانێت ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی لوبنان لەق بکات.
مورادی گوتیشی: قسەکردن لەسەر چەکداماڵینی حزبوڵڵا وەک تاکە هێز و چەکی پشتیوانی شیعەکان، لە کاتێکدا هێشتا پێنج ناوچەی باشووری لوبنان لە لایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە و شیعەکانی ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە، کارێکی مەترسیدارە.
پێویستە لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە سەیری کێشەکانی ناوچەکە بکەین
محەممەد سرفی، سەرنووسەری ڕۆژنامەی "تاران تایمز"، گوتی: پرسی چەکداماڵینی حزبوڵڵا، کێشەی ئێرانیشە؛ نەک تەنها لەبەر ئەو پشتیوانییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە حزبوڵڵای دەکات، بەڵکو، لەبەر ئەوەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیا بە توندی پێکەوە گرێدراون. دوای 7ـی ئۆکتۆبەر و ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا، ئەم پێکەوەبەسترانە زیاتر بووە. ڕووداوەکانی لوبنان کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەیە. بۆیە گرنگە لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانەوە سەیری کێشەکانی ناوچەکە بکەین و بە کێشەی خۆمانیان بزانین.
سەردەمی لەناوچوونی سیستەمی کۆن و دروستبوونی سیستەمی نوێ
ئەحمەد دەستماڵچیان، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە لوبنان و ئوردن، ڕایگەیاند "لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستادا، پێویستمان بە شیکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و جیهان هەیە. دەبێت ڕیشەی گۆڕانەکان بە وردی و قووڵی لێک بدەینەوە تا تووشی هەڵەی شیکاری و ستراتیژی نەبین."
دەستماڵچیان گوتیشی: ئێمە لە قۆناغی گواستنەوەداین. دەرەنجامی ئەم قۆناغە، پووکانەوەی پلە بە پلەی سیستەمی کۆن و دروستبوونی سیستەمێکی نوێ دەبێت. دوو بەرەی سەرەکی و چارەنووسساز لە ناوچەکەدا بەرانبەر یەکتر وەستاون؛ لە لایەکەوە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی و لایەکەی تر ئێران و بەرەی مقاوەمەیە. هەردوو لاش باس لە شەڕی مان و نەمان دەکەن. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمە شەڕێکی یەکلاکەرەوەیە.
باڵیۆزی پێشووی ئێران، لە لوبنان و ئوردن هەروەها گوتی: پرسی چەکداماڵینی حزبوڵڵا بابەتێکی نوێ نییە. ئەمەریکا و ئیسرائیل هەمیشە چاویان لەسەر چەکی حزبوڵڵا بووە و هەوڵی چەکداماڵینیان داوە. یەکێتیی عەرەب، ئەمەریکا و ئیسرائیل، هەمیشە لەسەر ئەم بابەتە هاودەنگ بوون. وەک چۆن لە بابەتی هێرشکردنە سەر ئێران و ڕووخاندنی حکوومەتەکەی تووشی هەڵەی ستراتیجی بوون، لەسەر پرسی چەکداماڵینی حزبوڵڵاش هەمان هەڵە دووبارە دەکەنەوە. چەکی حزبوڵڵا، چەکی نامووسە و خۆڕاگری لە لوبنان لە هەموو تایفەکان پێک هاتووە و ڕەهەندێکی جەماوەریی هەیە.
ناتوانرێت پڕۆژەی چەکداماڵینی حزبوڵڵا جێبەجێ بکرێت
محەممەد خاجویی، بەڕێوەبەری گرووپی لێکۆڵینەوەی لوبنان لە پەیمانگای توێژینەوەی ستراتیجیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوتی: ئەو بەهانەیەی دژبەرانی چەکی حزبوڵڵا دەیهێننەوە، تەواو لۆجیکییە کە لە هەر دەوڵەت و وڵاتێکدا دەبێت چەک تەنها لە دەستی سوپادا بێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئەو حکوومەتەی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی لە ئەستۆیە، توانیویەتی کارایی و توانای خۆی بسەلمێنێت تاوەکوو ئێستا بە خەڵک بڵێت چەک دانێن و من بەرگریتان لێ دەکەم؟ ئەزموونی چوار دەیەی ڕابردوو لە لوبنان پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنێت. سوپای لوبنان لە بەرگریکردن لە خەڵکدا توانای خۆی نەسەلماندووە.
حزبوڵڵای لوبنانی چەقی بابەتە ناوچەییەکانی ئێرانە
محەممەد عەلی حەسەن نیا، شارەزای کاروباری جیهانی عەرەبی، ئاماژەی بەوە دا کە پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، شیعەکان لە لوبنان پەراوێز خرابوون. بەڵام دواتر، شیعەکان خۆیان بووژاندەوە. حزبوڵڵا بە سوودوەرگرتن لە یەکێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتنی تائیف، چەکەکانی خۆی پاراستووە وەک مافێکی ڕەوا بۆ بەرگریکردن لەخۆی.
حەسەن نیا، گوتیشی: بابەتی چەکداماڵینی حزبوڵڵا بەم ئاسانییە نابێت. حزبوڵڵا مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە. لایەنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە نادیارە. تەنانەت ئەگەر حزبوڵڵا چەکەکانی ڕادەستی سوپاش بکات، سوپای لوبنان توانای بەکارهێنانی نییە، چونکە تەنها خاوەنی چەکی سووکە. دوژمنان هەوڵ دەدەن چەکەکانی حزبوڵڵا لەناو ببەن، نەک بیدەنە دەست سوپای لوبنان.
بڕیاری چەکداماڵینی حزبوڵڵا، بڕیارێکی ناوخۆیی نییە
زەینەب فەرەحات، شارەزای سیاسیی کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی 'نەبەء'ـی لوبنانی، گوتی: بڕیاری حکوومەتی ئێستای لوبنان بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا بڕیارێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بڕیارێکی ئەمەریکییە؛ تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکا، بە ئاشکرا ڕایگەیاندبوو ئەگەر لوبنان ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ نەکات، چارەنووسێکی باش چاوەڕێی ناکات.
فەرەحات جەختی کردەوە "حزبوڵڵا هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی خۆی لەبارەی چەکداماڵینەوە بە ڕاشکاوی دەربڕیوە. ئەگەر حزبوڵڵا لە ناوخۆوە لەلایەن هەر لایەنێکی سیاسییەوە هەڕەشەی لێ بکرێت، بۆ بەرگری لە خۆی ئامادەیە. بێگومان حزبوڵڵا دژی هەر جۆرە پێکدادان و شەڕێکی ناوخۆییە و چەکی حزبوڵڵا تەنیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیلە."