کونسوڵی میسر لە کوردستان: پلانی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی هاوبەش لەگەڵ هەرێم دادەنێین
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان میسر و هەرێم گەیشتووەتە 150 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا.

لە هەنگاوێکدا کە قووڵایی پەیوەندییە گەشەکردووەکانی نێوان قاهیرە و هەولێر نیشان دەدات، کونسوڵخانەی گشتیی میسر لە هەرێمی کوردستان، میوانداریی کەناڵی کوردستان 24ی کرد. ئەمە یەکەمین دیداری ڕۆژنامەوانییە لەنێو بارەگای کونسوڵخانەکەدا دەکرێت.
لە گفتوگۆیەکی گشتگیردا، کونسوڵ، مەحموود عامر، جەختی لەوە کردەوە، میسر کە یەکەم وڵاتی عەرەبی بوو لە ساڵی 2010 کونسوڵخانەی لە هەرێم کردەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە درێژکراوەی پێوەندییەکی مێژوویی و کولتووریی قووڵ دەزانێت و بە جددی کار دەکات بۆ ئەوەی بیانکاتە هاوبەشیی ستراتیجیی بەرجەستە.
ئابووریی بەهێز و ئامانجی وەبەرهێنانی هیوابەخش
کونسوڵی میسر، چەند ئامارێکی خستە ڕوو کە پتەویی پەیوەندییە بازرگانییەکان نیشان دەدەن، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان میسر و هەرێم گەیشتووەتە 150 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا. عامر گوتیشی: هەرچەندە ئەم ژمارەیە نیشاندەرێکی ئەرێییە، بەڵام ئامانجەکان زۆر لەوە گەورەترن.
لەم چوارچێوەیەدا، دەستپێشخەرییەکی گرنگی ئابووری ڕاگەیاند، کە بریتییە لە هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی "کۆڕبەندی وەبەرهێنانی میسری-کوردستانی" بۆ ماوەی یەک ڕۆژ یان دوو ڕۆژ لە هەولێر و ڕوونی کردەوە "بە هاریکاری لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێم، کار بۆ سازکردنی ئەم کۆڕبەندە دەکەین، کە دوو ئامانجی سەرەکی هەیە: یەکەم، ناساندنی هەلەکانی وەبەرهێنانی هیوابەخش لە هەرێم بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەرە میسرییەکان. دووەم، ناساندنی هەناردەکارە میسرییەکان بە بازاڕی کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، تاکوو بتوانن کاڵا و بەرهەمەکانیان نمایش بکەن".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی بۆچی وەبەرهێنانە گەورەکانی میسر ئێستا لە بەغدان؟ کونسوڵ هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ سروشتی جووڵەی سەرمایە کە "بۆ ئەو شوێنە دەچێت هەلی لێ بێت". هەروەها گوتی: هەلەکان لە بەغدا لەبار بوون، ئێمەش ئێستا بە جددی هەوڵ دەدەین هەلی نوێ لێرە، لە هەرێمی کوردستان بخوڵقێنین".
کونسوڵی میسر، لەهەولێر، ستایشی ئەو وەبەرهێنانە میسرییانە نیشان دا کە لە هەرێم هەن، لەوانە کارگەیەکی پێداویستیی پزیشکی و یەکێکی دیکەی بەرهەمە پلاستیکییەکان، لەگەڵ ڕۆڵی گرنگی کۆمپانیای "ئۆراسکۆم"ی میسری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی کەرتی ئاوەڕۆ لە سەرتاسەری هەرێم، کە لەلایەن ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی (جایکا) پشتیوانیی دارایی دەکرێت.
پردی مێژوویی و کولتووریی پتەو
کونسوڵی میسر جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکان تەنها لە بواری ئابووریدا قەتیس نەماون، بەڵکوو قووڵایی مێژوویی و کولتووریی لە نیوان میسرا و هەرێمی کوردستاندا هەیە. وەک ئاماژەیەکی مێژوویی گرنگ، گوتی: یەکەم ڕۆژنامە بە زمانی کوردی (ڕۆژنامەی کوردستان) لە چاپخانە دێرینەکەی 'دار الهلال' لە میسر چاپ کراو،ە ئەمەی بە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر دانا، لەوەی پێوەندییەکانی نێوان هەردوو گەلی کورد و میسری، نوێ نین.
مەحموود عامر، هەروەها تیشکی خستە سەر کاریگەریی دوولایەنەی کولتوورەکان و ئاماژەی بەوە دا "کەسایەتییە هونەرییە دیارەکانی میسر وەک سوعاد حوسنی و مەحموود ئەلمەلیجی، بە ڕەچەڵەک کورد بوونە، ئەوان ژیانی هونەریی میسرییان دەوڵەمەند کردووە و بە تەواوی لەنێو کۆمەڵگەی میسریدا تێکەڵ بوونە."
کونسوڵی میسر، دووپاتی کردەوە، ئەم پەیوەندییە کولتوورییە بەهێز بەردەوامە، ئەمەش لە ڕێگەی بەشداریی کارای میسر لە بۆنە گەورەکانی هەرێمدا دەردەکەوێت، وەک:
پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر: شاندێکی باڵای میدیایی و زیاتر لە 60 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی میسری بەشدارییان تێدا کرد.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی هەولێر: میوانداریی هونەرمەندە گەورەکانی میسری وەک شیرین، ئەشرەف زەکی و ئەحمەد بەدیری کرد.
سەردانی شاندێکی ئەزهەری شەریف: بەشدارییان لە یادی سەد ساڵەی زانای دیاری کورد، دکتۆر مستەفا زەڵمی کرد، کە کەسایەتیی باڵای هەرێم و میسر ئامادەی بوون.
خوێندن و ئەزهەر.. بناغەی هاریکارییەکان
کەرتی خوێندن یەکێکە لە دیارترین خاڵەکانی هاریکاریی نێوان هەردوولا. کونسوڵ بە شانازییەوە ئاماژەی بەوە کرد "پەیمانگای ئەزهەر لە هەولێر تاکە پەیمانگای ئەزهەرییە لە هەموو عێراق و ناوچەکەدا." هەروەها گوتی: بوونى دامەزراوەیەکی جیهانیی وەک ئەزهەر لە هەولێر شانازییەکی گەورەیە، ئەزهەر هەر بەمەوە نەوەستاوە، بەڵکو ساڵانە 25 کورسیی خوێندن پێشکەش بە ڕۆڵەکانی هەرێم دەکات بۆ تەواوکردنی خوێندنی زانکۆیی و باڵا لە قاهیرە.
پلانی فراوانکردنی پەیمانگاکەی ئاشکرا کرد، کە بەشێکی زانستی لە تەنیشت بەشە ئەدەبییەکەی ئێستا بکرێتەوە، ئەمەش ئاسۆی فراوانتر بۆ خوێندکاران دەڕەخسێنێت. هاوکات ستایشی ئەو پێشوازییە زۆرەی خوێندکارانی هەرێمی کرد بۆ زانکۆکانی میسر، بەتایبەتی زانکۆی مەنسوورە، بە جۆرێک بیری لەوە کردووەتەوە "لێرە لە هەرێمی کوردستان، کۆمەڵەی دەرچووانی زانکۆی مەنسوورە دابمەزرێنێت".
گەشتوگوزار و ئاستەنگە کونسوڵییەکان.. دیدگایەک بۆ داهاتوو
کونسوڵ عامر، سەرسامیی قووڵی خۆی بۆ سەرچاوە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئەوەی لە ناوچەی بارزان بینیبووی بە "پارچەیەک لە سویسرا" وەسف کرد. بەڵام ئاماژەی بەوەش دا "هەرێم پێویستی بە پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتیاری هەیە بۆ سوودوەرگرتن لەم توانایانە." گوتیشی: میسر شارەزاییەکی بەرفراوانی لەم بوارەدا هەیە، ئێمە ئامانجمانە تا ساڵی 2030 پێشوازی لە 30 ملیۆن گەشتیار بکەین. بە تەواوی ئامادەین ئەم شارەزاییانە بۆ پشتیوانی و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری لە کوردستان بگوازینەوە.
دەربارەی ئەو ئاستەنگانەی پەیوەستن بە وەرگرتنی ڤیزا، کونسوڵ ڕوونی کردەوە، ڕەزامەندیی ئەمنی ڕێکارێکە کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە بە شێوەیەکی دوولایەنە لەنێوان هەردوو وڵاتدا پەیڕەو دەکرێت. جەختی لەوەش کردەوە "کونسوڵخانە هەموو توانایەکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئاسانکاری و خێراکردنی ڕێکارەکان، بەتایبەتی بۆ خوێندکاران و حاڵەتە پزیشکییەکان".
لە کۆتاییی وتەکانیدا، کونسوڵ مەحموود عامر، دووپاتی کردەوە، پەیامێکی ئەرێیی سەبارەت بە هەرێم بۆ میسر دەگوازێتەوە و گوتی: وێنەی کۆمەڵگەیەکی کراوە، پێشکەوتوو، گەلێکی دۆست و میواندار دەگوازمەوە کە هاوتا میسرییەکەی خۆش دەوێت. لێکچوونێکی سروشتی لەنێوان دوو شارستانیی کۆنی جیهاندا هەیە و ئەمەش مەوداکان لەنێوان گەلەکانماندا کورت دەکاتەوە.