چەندین کورد بۆ ئەنجوومەنی بیانییەکانی شاری بۆن و دۆرتمۆند کاندیدن

لە شارەکانی بۆن و دۆرتمۆندی ئەڵمانیا، ژمارەیەک کورد و چالاکوانی سیاسی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی بیانییەکان کاندید کردووە، کە بڕیارە لە 14ی ئەیلوولی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت. ئەم کاندیدانە بە لیست و بەرنامەی سەربەخۆوە بەشداری دەکەن و ئامانجیان بەدەستهێنانی نوێنەرایەتییە بۆ ڕەوەندی کوردی لەو شارانەدا.

لە شاری بۆن، کە هەزاران کوردی لێ نیشتەجێیە، چەند کاندیدێک بە لیستێکی سەربەخۆ بەشداری دەکەن. ئامانجی سەرەکیی ئەم لیستە، کارکردنە بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا و دابینکردنی مامۆستا بۆ فێرکردنی منداڵانی کورد.

زەینەب قەرەنی، یەکێک لە کاندیدەکان لە شاری بۆن بە کوردستان24ی گوت: ئێمە وەک کورد و ئەڵمانی لە بۆن لیستێکی سەربەخۆمان هەیە. دەمانەوێت گرنگی زیاتر بە زمانی کوردی بدرێت و ڕێگەی پێ بدرێت، بۆ ئەوەی بناسرێت کە گەلێک لێرە دژین.

ژیان کەلۆ، کاندیدێکی دیکەیە و دەڵێت: لیستەکەمان بۆ ئەوەیە زمانی خۆمان بەهێزتر بکەین و کورد باشتر خۆی نیشان بدات. دەمانەوێت لە قوتابخانەکاندا مامۆستای تایبەت بە زمانی کوردی هەبێت.

هاوکات لە شاری دۆرتمۆندیش، چوار کاندیدی کورد بە لیستێک بەشداری دەکەن. ئەحمەد مایی، یەکێک لەو کاندیدانە، ئاماژەی بەوەدا کە پلانیان هەیە پرۆژەی تایبەت بە زمانی کوردی پێشکەش بە شارەوانی بکەن و هەوڵدەدەن بۆ ساڵی داهاتوو ئاهەنگێکی گەورەی نەورۆز بە شێوەیەکی فەرمی ڕێکبخەن.

بەشداریکردنی سیاسیی کوردستانیان لە ئەڵمانیا، پێگەی دیاسپۆرای کوردی لەو وڵاتەدا بەهێزتر دەکات. ئەم هەڵبژاردنانە بە دەرفەتێک دادەنرێن بۆ ئەوەی کورد بتوانێت لە ڕێگەی نوێنەرەکانییەوە بەرگری لە ناسنامە، زمان و کولتووری خۆی بکات و داواکارییەکانی بگەیەنێتە دامەزراوە فەرمییەکانی ئەڵمانیا.

 
Fly Erbil Advertisment