ئافرەتێکی کورد لە پۆلیسی لەندەن بووەتە لێکۆڵەری دادوەری

بەهەشت حەیدەری، ئافرەتێکی خەڵکی شاری هەولێرە و ماوەی نزیکەی 20 ساڵە لە بەریتانیا دەژیت. ئەو توانیویەتی ببێتە لێکۆڵەری دادوەری و لە هەمان کاتدا وەک وەرگێڕ لەگەڵ پۆلیسی لەندەن کار بکات، بەمەش بووەتە نموونەیەکی سەرکەوتووی ژنی کورد لە تاراوگە.

بەهەشت سەرەڕای ئەوەی خوێندنی لە بواری جوگرافیادا تەواو کردووە، بڕوانامەی ماستەریشی لە وەرگێڕاندا بەدەستهێناوە. ئەم پسپۆڕییە دوو لایەنەیە وای کردووە بتوانێت لە یەکێک لە گرنگترین بوارەکاندا کار بکات، کە لێکۆڵینەوەی دادوەرییە.

بەهەشت حەیدەری ئاماژە بەوە دەکات کە حەز و خولیای بۆ کارەکەی پاڵنەری سەرەکی بووە و دەڵێت: من ئەم کارەم هەڵبژارد چونکە حەزم لێی بوو؛ هاوکات، ژمارەی ئافرەتانی کورد لەم بوارەدا زۆر کەمن، بەتایبەتی لە لەندەن.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دیکەی هەڵبژاردنی ئەم کارە، یارمەتیدانی ئەو ئافرەتە کوردانەیە کە ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە، بەهەشت گوتی: کاتێک ئافرەتێکی کورد تووشی کێشەیەک دەبێت، باشتر وایە لێکۆڵەرێکی ئافرەت یارمەتی بدات، چونکە زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەکات. هەروەها، بەهۆی ئەوەی هەندێک لەو کوردانەی ماوەیەکی زۆر نییە لە بەریتانیا دەژین زمانی ئینگلیزی نازانن، بوونی وەرگێڕێکی کورد وەک بەهەشت کارئاسانییەکی گەورەیە بۆیان.

بەهەشت باس لەوە دەکات کە کاری پۆلیسی بە گشتی کارێکی قورسە و مووچەکەشی بە بەراورد بە سەختییەکەی زۆر نییە، بۆیە تەنانەت زۆرێک لە بەریتانییەکانیش حەز بەو کارە ناکەن. لە کۆتاییدا، هیوای خواست کە لە کوردستانیش ژمارەی ئافرەتان لە بواری لێکۆڵینەوەی دادوەریدا زیاتر بێت و هانی کچانی کوردی دا کە بچنە ناو ئەم بوارە گرنگەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment