وەزیری بەرگری ئیسرائیل: توركیا سەقامگیری لەق دەكات

داوایكرد فشاری نێودەوڵەتی بخرێتە سەر توركیا بۆئەوەی رەفتارەكانی بگۆررێت

K24 – ھەولێر:

وەزیری بەرگری ئیسرائیل، بینی گانتس، ئەمڕۆ یەكشەممە ھێرشی كردە سەر توركیا و رایگەیاند، سەقامگیر ناوچەكە ده‌شێوێنێت. 

گانتس داوای له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد، فشار بخه‌نه‌ سه‌ر توركیا بۆ گۆڕینی ره‌فتار و هه‌ڵوێسته‌كانی.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل، له‌ باره‌ی هه‌ردوو وڵاتی توركیا و ئێرانه‌وه‌ گوتی: "ھەردووكیان رێگری لە چەسپاندنی ئاشتی دەكەن. پشتیوانی لە دوژمنكاری ناوچەیی دەكەن".

ئەو قسانەی گانتس لە كاتی لێدوانیدا بۆ كۆمەڵە رۆژنامەنووسێكی وڵاتانی كەنداو ھات دوای ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات ئاساییكرانه‌وه‌.

گانتس گوتیشی: "ھەموو ئەوانە بەرەو ناسەقامگیری دەڕوات". لەئاماژەیەكدا بۆ ئەو ھەنگاوانەی توركیا گرتوویەتە بەر لە باكووری سووریا و رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەگەڵ دەستوەردانەكانی لە لیبیا و پەیوەندییەكانی لەگەڵ چەكدارانی "حەماس"ی فەلەستنی.

لە ڤیدیۆ كۆنفرانسێكدا، كە ئەنجوومەنی عەرەبی بۆ تەواكاری ھەرێمی رێكیخستبوو، بۆ تاوتوێكردنی پرسی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بی، وەزیری بەرگری ئیسرائیل گوتی: "بێگومان پرسی توركیا زۆر ئاڵۆزە، چونكە توركیا بەشێكە لە ھاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی".

ئیسرائیل خۆی لە لۆمەی توركیا بەشێوەیەكی راستەوراست دەپارێزێ لە سایەی بەردەوامی پەیوه‌ندییە بازرگانی و دیپلۆماسییەكانی نێوان ھەردوو وڵاتدا، ھەرچەندە ھەڵوێستی حكومەتی ئەنقەرە زیاتر لە دە ساڵە پشتیوانی لە فەلەستینییەكان دەكات.

پێشتر ھەر یەك لە ئێران و توركیا رەخنەیان لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرەین گرت، كە به‌ ناوەندگیری ئەمەریكا ئەنجامدرا و بەخیانەتكردن لە پرسی فەلەستینیان ناوبرد.

سەرچاوە: رۆیتەرز