نێچیرڤان بارزانی: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستە یاسا سەروەر بێت
لەبارەی ڕووداوەکانی لالەزاری سلێمانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، تێڕوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە، پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان یاسا سەروەر بێت و یاسا ڕێچکەی خۆی وەرگرێت.
دووشەممە 25ـی ئابی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر، لەبارەی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی لالەزاری سلێمانی ڕایگەیاند: لە یەکلایی کردنەوەی کێشەکان، پێویستە یاسا سەروەر بێت و ڕێچکەی خۆی وەرگرێت، بەشێوەیەکی یاسایی کێشەکان چارەسەر بکرێن.
سەبارەت بە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بەوە کرد، کاری لەپێشینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، گوتی: گەشبینم بەوەی لەماوەیەکی نزیکدا ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت.
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: ئێستا لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە دانووستانێکی چڕدان، گوتی: بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا و هاوکات لەگەڵ کۆمپانیاکان قسەمان کردووە، هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە، ببینین بەزووترین کات نەوتی کوردستان ڕەوانەی دەرەوە بکرێت.
پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پرسیارێکی دیکەی ڕۆژنامەنووسان بوو لە نێچیرڤان بارزانی کە لە وەڵامدا گوتی: دانووستانەکان لەگەڵ یەکێتی بەردەوامن.
لەبارەی پرۆسەی ئاشتیش لە تورکیا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: هەنگاوی باش نراوە، پرۆسەکە ئاسان نییە و زەحمەتە، پرۆسەیەکە بە شەو و ڕۆژێک چارەسەر نابێت، ڕاستە پرۆسەکە سستە، بەڵام هەنگاوی ڕژد نراوە بۆ سەرخستنی.
سەبارەت بە نیاز و پلانیان بۆ سەردانی بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: ئێمە بەشێکین لە عێراق، بەغدا پایتەختە و هەر کاتێک پێویست بێت دەچینە بەغدا.