ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم جەنگی دووەمی ئیسرائیل و ئێراندا

سەرەڕای کۆتاییهاتنی جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران، زۆرێک لە بەرپرسان و شرۆڤەکارانی سیاسی و سەربازی، پێشبینی دەکەن لە داهاتوویەکی نزیکدا، جارێکی دیکەی جەنگێکی دیکەی خوێناوی لەنێوان ئیسرائیل و ئێران ڕووبدات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە.
دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، کەناڵی جەزیرە لە ڕاپۆرتێکدا، بڵاوی کردووەتەوە "بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە ئاشکرا باسی خۆ ئامادە کردن بۆ جەنگێکی دیکە دژ بە ئێران دەکات، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش هەڕەشەی کوشتنی ڕێبەری ئێران دەکات."
جیۆرا ئایلاند، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، ئامادەکاریی و هەڕەشەکان بە سەرەتا دەزانێت و دەڵێت: پێموایە لە داهاتوودا، جەنگی 12 ڕۆژە، ناوی دەنێین جەنگی یەکەمی ئێران، چونکە هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکە لەگەڵ ئێراندا لە ئان و ساتدایە.
ئایلاند، بڕوای وایە ئەم دیدگەیە، نیشاندەری ئەو تێگەیشتنەیە لە ناوەندەکانی بڕیاردانی ئیسرائیلدا، کە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا دەستی پێکردووە، دوای ئەوەی پێشتر ململانێکە لە چوارچێوەی شەڕی بە وەکالەت و ئۆپەراسیۆنی نهێنیدا قەتیس کرابوو.
شرۆڤەکاران بۆچوونیان وایە هێرشە ئیسرائیلی و ئەمەریکییەکان ڕەنگە وەڵامێکی کاتیی بن بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەڵام چارەسەری درێژخایەن تەنیا بە گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات لە تاران دەبێت. تەنانەت تریتا پارسی، نووسەری کتێبی "هاوپەیمانیی بەرژەوەندییەکان" پێشبینی دەکات بەر لە کۆتایی ئەمساڵ جەنگێکی دیکەی خوێناویتر لە جەنگی 12 ڕۆژە، ڕوو بدات.
ئامانجەکانی ئیسرائیل: لە بەرنامەی ئەتۆمییەوە تا گۆڕینی دەسەڵات
ئیسرائیل لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی "شێری ڕاپەڕیو"ـەوە، بە پشتیوانیی ئەمەریکا، هەوڵی دا ژێرخانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناوبەرێت. هەرچەندە هەڵسەنگاندنەکان لەبارەی ئاستی زیانەکانەوە جیاوازن، بەڵام تەلئەڤیڤ پێیوایە هەر ڕێککەوتنێکی نوێ کە ڕێگریی تەواوەتی لە پیتاندنی یۆرانیۆم نەکات، دەرفەتێک دەداتە ئێران بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانی.
لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گۆڕینی هاوکێشە هەرێمییەکان و دامەزراندنی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ، کە تێیدا ئیسرائیل ببێتە هێزی باڵادەستی بێڕکابەر.
بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، ئیسرائیل چەند ئامانجێکی ستراتیجیی دیاری کردووە:
1. تێکشکاندنی هێزە هەرێمییەکانی ئێران: لە ڕێگەی وشککردنی سەرچاوە دارایییەکانی گروپە هاوپەیمانەکانی تاران وەک حزبوڵڵا، چەککردنیان و لێدانی بنکەکانیانەوە. ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا گورزێکی گەورەی لەم تۆڕە داوە.
2. لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران: لە جەنگی 12 ڕۆژەدا، ئیسرائیل زیانێکی زۆری بە بنکە سەربازییەکان، سەکۆی مووشەکەکان و کۆگاکانی چەکی ئێران گەیاند؛ ئەمە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا گورزی کوشندەتر لە خودی حکوومەتی تاران بوەشێنرێت.
3. گۆڕینی سیستەمی سیاسی: ئامانجی کۆتایی ئیسرائیل گۆڕینی سیستەمی سیاسیی ئێرانە، لەم پێناوەدا، چەند سیناریۆیەک تاوتوێ دەکات، لەوانە:
o لابردنی سەرکردایەتی: ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی خێرا بۆ لەناوبردنی بەرپرسە باڵاکانی ڕژێم، لەنێویاندا خامنەیی.
o پشتیوانیی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی: هاندانی کودەتای سەربازی، یان ناڕەزایەتیی جەماوەری لە ڕێگەی پشتیوانیی دارایی، لۆجستی و تەنانەت سەربازییەوە.
o هاندانی نایەکسانیی نەتەوەیی: پشتیوانیکردنی کەمینە نەتەوەییەکان و هاندانی داواکاریی جیابوونەوە بۆ پارچەپارچەکردنی ئێران لە ناوخۆوە.
ڕێکارە بەرپەرچدەرەوەکانی ئێران: لە گۆڕینی هەڵوێستی ئەتۆمییەوە تا هاوپەیمانی لەگەڵ ڕۆژهەڵات
لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیلدا، ئێران بە ئاشکرا باسی گۆڕینی هەڵوێستی ئەتۆمیی خۆی دەکات. کەمال خەرازی، ڕاوێژکاری خامنەیی، لە تشرینی دووەمی 2024، گوتی: ئەگەر هەڕەشەیەک لەسەر ئێران دروست بێت، هەڵوێستی ئەتۆمیی خۆمان دەگۆڕین. توانای دروستکردنی چەکمان هەیە و هیچ کێشەیەکمان لەم ڕووەوە نییە.
ئەمە یەکەم دانپێدانانی ئاشکرایە کە ئێرانیش بیری لە چەکی ئەتۆمی کردووەتەوە وەک دواین بژاردە بۆ پاراستنی خۆی. ئێستا، ئێران سێ ئامانجی لەپێشینەی هەیە:
1. پاراستنی مانەوەی ڕژێم: ئەمە ئامانجی سەرەکییە و هەموو سیاسەتەکانی دیکەی لەژێر کاریگەریی ئەم ئامانجەدایە.
2. بەردەوامیدان بە بەرنامەی ئەتۆمی: وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ ڕێگریی لە هێرشی دەرەکی.
3. پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی بالیستی: لە جەنگی 12 ڕۆژەدا، کاریگەریی ئەم چەکەی وەک ئامرازێکی بەرپەرچدانەوە دەرکەوت.
لەگەڵ ئەمانەشدا، ئێران لە دۆخێکی دژواردایە؛ لە لایەکەوە هەڕەشەی سەربازیی ئیسرائیل و لە لایەکی دیکەشەوە فشاری ئەورووپییەکان بۆ کاراکردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان و گەڕاندنەوەی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش. ئەمەش تارانی خستووەتە بەردەم دوو بژاردەی تاڵ: یان قبووڵکردنی ڕێککەوتنێک کە زۆرێک لە کارتەکانی فشاری لێ بستێنێتەوە، یان ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانێکی ئابووری و سەربازیی قووڵتر.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، تاران چەند هەنگاوێکی ناوە:
•ڕێکخستنەوەی ناوخۆیی: دامەزراندنی "ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانی" و دانانی کەسایەتییەکی بەئەزموون وەک عەلی لاریجانی لە پۆستی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی.
• پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕۆژهەڵات: ئێران هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و چین چڕ کردووەتەوە. دیدارە یەک لە دوای یەکەکانی بەرپرسانی باڵای ئێرانی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن و سەرکردەکانی چین، ئاماژەن بۆ هەوڵی تاران بۆ کڕینی چەکی پێشکەوتوو و بەدەستهێنانی پشتیوانیی دیپلۆماسی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جەنگێکی داهاتوو.
پێشهاتەکان دەری دەخەن کە ململانێکە کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارتر و ئاڵۆزترەوە، کە تێیدا هەردوو لا خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورەتر ئامادە دەکەن.