سەرۆکایەتی داواکاری گشتی: پێویستە دەسەڵاتی جێبەجێکردن ڕەچاوی بنەما یاسایی ودەستورییەکان بکات
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی ڕادەسپێرن بەدواداچوون بۆ ڕووداوی شەوی 21 لەسەر 22ـی ئابی 2025 و پاراستنی مافی هەمووان لە چوارچێوەی یاسا ودەستوردا بکەن، دەشڵێت: دەسەڵاتی جێبەجێ کردن پێویستە بەو پەڕی پەرۆشیەوە ڕەچاوی بنەما یاسایی ودەستوریەکان بکات.
دووشەممە 25ـی ئابی 2025، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لەبارەی ڕووداوەکانی شەوی 21 لەسەر 22ـی ئابی 2025ـی لالەزاری سلێمانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: یەک لە ئامانجە سەرەکیەکانی یاساکان بریتیە لە پاراستنی ماف وئازادیەکان وئاسایشی هاوڵاتیان، پێویستە هەموو کەسێک پابەندی یاسا بێت و کەس لە سەرووی یاسا نەبێت.
لە بەیاننامەکەدا داواکاری گشتی ئاماژەی بەوە کردووە، پاڵپشت بەو ئەرکە یاساییەی کە دەزگای داواکاری گشتی هەیەتی لە پاراستنی سیستەمی هەرێم وچاودێری ڕەوایی (مراقبة المشروعیة) وپاراستنی ســەروەری یاسا وباش پیادەکردنی حوکمەکانی وچاودێری جێبەجێ کردنی بڕیارەکان بە پێی ماددە (1/یەکەم، چوارەم) لە یاسای داواکاری گشتی هەموارکراو، بۆیە جەختی کردووەتەوە لەوەی، لە کاتی جێبەجێکردنی هەر فەرمان وبڕیارێکی دادگا، دەسەڵاتی جێبەجێ کردن پێویستە بەو پەڕی پەرۆشیەوە ڕەچاوی بنەما یاسایی ودەستوریەکان بکات لە پاراستنی گیان وکەڕامەتی هاوڵاتیان وپاراستنی سامانی گشتی وتایبەتی ومافەکانی خودی تۆمەتباریش کە لە یاسا ودەستوردا هاتووە.
دەشڵێت: بۆ جێبەجێ کردنی فەرمان وبڕیارەکانی دادگا، یاسا ڕێ وشوێنی ئەوتۆی دیاری کردووە کە نەبێتە هۆکاری پشێوی و نا ئارامی وزیان گەیاندن بە سامانی گشتی وتایبەتی هاووڵاتیان لە چوارچێوەی بنەما دەستوری ویاساییەکان، هەر لەم چوارچێوەیە زۆر گرنگە مافی ژیان وکەڕامەت وئازادی هاووڵاتیان پارێزراو بێت.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دەڵێت: داوا لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن وخاوەنی پەیج وهەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکەین کە بە شێوەیەکی بەرپرسانە ودوور لە ئاڵۆز کردنی زیاتر، مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە ولێکەوتەکانی بکەن.
دەشڵێت: فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی ڕادەسپێرین بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوەی شەوی 21 لەسەر 22ـی ئابی 2025 و پاراستنی مافی هەمووان لە چوارچێوەی یاسا ودەستور.