حزبوڵڵای لوبنان: چەک دانانێین و شەڕ دەکەین

حزبوڵڵای لوبنان هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، چەک دانانێت، هاوکات داوای لە ئیسرائیل کرد پابەندی تەواوی ئاگربەستە کاتییەکە بێت، کە بە نێوەندگیری ئەمەریکا و فەرەنسا ئەنجامدراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، هەردوولا یەکتر بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن، کە ناسەقامگیریی زیاتری لە ناوچەکەدا لێکەوتۆتەوە.
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی نوێی حزبوڵڵا، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "حزبوڵڵا چەکەکانی خۆی تەسلیم ناکات، ئەگەر پێویست بکات شەڕ دەکەین و دڵنیاین کە سەردەکەوین." و حکوومەتی لوبنانیشی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "خزمەت بە پڕۆژەی ئیسرائیل دەکات" و هۆشداریدا، هەر بڕیارێک بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵا دەبێتە هۆی شەڕی ناوخۆ.
ئاماژەی بەوەشکرد، "حکوومەتی لوبنان هەڵەیەکی گەورەی دەکات بە چەکداماڵینی حزبوڵڵا و گەلەکەی، لەکاتێکدا دەستدرێژی و نیازی فراوانخوازی ئیسرائیل لەژێر چاودێری ئەمەریکادا بوو"، بڕیارەکەی بە "نادەستووری و لەژێر دیکتاتۆری ئیسرائیلدا گیرابوو" وەسفکرد. نەعیم قاسم، جەختی کردەوە، بەردەوامبوونی ڕێبازی حکوومەت وا دەکات، جێی متمانە لە سەروەری لوبنان نەبێت، مەگەر ئەو بڕیارە هەڵوەشێنێتەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئاگربەستێکی 60 ڕۆژە لە 27ی تشرینی دووەمی 2024ەوە کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی ئەم ئاگربەستە، جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1701ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە داوای چەک داماڵینی هەموو گرووپە چەکدارەکان لە لوبنان دەکات.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل حزبوڵڵا تۆمەتبار دەکات بە پابەندنەبوون بە مەرجەکانی ئاگربەست، بەتایبەتی کشانەوەی هێزەکانیان بۆ باکوری ڕووباری لیتانی. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریداوە، ئەگەر حزبوڵڵا مەرجەکان جێبەجێ نەکات، "ئیسرائیل هەنگاو دەنێت."
هاوکات، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن بۆ ڕێگرتن لە هەڵگیرسانی شەڕێکی فراوانتر. بەڵام ئیسرائیل پلانێکی ئەمەریکای بۆ ئاگربەست ڕەتکردۆتەوە و پێداگری دەکات لەسەر دروستکردنی ناوچەیەکی دابڕاو لە باشووری لوبنان. لە لایەکی دیکەوە، حزبوڵڵا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر ڕێککەوتنێک دەبێت "سەروەری" لوبنان بپارێزێت و ڕێگە نادات ئیسرائیل مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت.
چاودێران پێیانوایە کە هەڵوێستی توندی هەردوولا، ئایندەی ئاگربەستەکەی خستۆتە مەترسییەوە و ئەگەری پێکدادانی سەربازیی فراوانتر لە ئارادایە ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان نەگەنە ئەنجامێکی دڵخواز.