وەزیری پێشمەرگە: ئامانجی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتیمانییە

تیمێکی ڕاوێژکارانی ئەمەریکا، لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، بەهاوبەشی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە، دەتوانن پرۆسەی چاکسازیی لە هێزەکە خێرا بکەن، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: ئامانجی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتیمانییە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ کۆڵۆنێڵ دێک پیلوێک، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر کۆبوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە تیمێکی راوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و ئەفسەر و پلەدارانی هێزی پێشمەرگە ئامادەیبوون، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە تاوتوێ کران.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە دووپاتی ئەوەی کردووەتەوە، وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی باشی بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بڕێوە و بە بەرپرسیارییەتییەوە کار بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتەکەی لەوبارەوە دەکات،ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجی وەزارەتی پێشمەرگە لە یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتیمانییە.

لە بەرانبەردا، تیمی ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان ئاماژەیان بەوەدا،  بەگرنگییەوە لە هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەڕوانن بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانانەی وەزارەتەکە لەبەرنامەی کار و بە تایبەت برگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کاریان لەسەر دەکات، هەروەها ئاماژەیان بەوەدا، بەهاوبەشی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە، دەتوانن پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە خێرا بکەن.