لاریجانی هۆشداری لە ڕووخانی حکوومەتی عێراق و دامەزراندنی هەرێمێکی سوننە دەدات

هەفتەنامەیەکی سەر بە سوپای پاسداران ئاشکرای کرد، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە سەردانەکەی عێراق، فشاری لە بەرپرسانی بەغدا کردووە، کە دەبێت سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ڕێگری لە دەربازبوونی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل جێگیر بکەن، هاوکات هۆشداری داوە، ڕەنگە سیناریۆی ڕووخانی سووریا لە عێراق دووبارە بکرێتەوە و هەرێمێکی سوننە دابمەزرێت.

هەفتەنامەی 'سوبحی سادق' کە زمانحاڵی فەرمیی یاریدەدەری سیاسیی سوپای پاسدارانە، لە ڕاپۆرتێکدا، ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ عێراق کردووە و تێیدا باسی لە چەند هەڕەشەیەکی سەرەکی لە دۆسییەی عێراقدا کردووە، کە پەیوەستن بە جەنگی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل.

'سوبحی سادق' لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی "سەردانەکەی لاریجانی بۆ عێراق پەیوەست بووە بە چوار هەڕەشەی سەرەکی لەسەر ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێی کردوون بۆ ئەوەی بە زوویی چارەیان بکەن."

سەرەکیترین پرس، پێشێلکردنی سەروەریی ئاسمانیی عێراق و هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بووە لە جەنگی 12 ڕۆژەدا، لاریجانی، لە دیدار و گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، نیگەرانی وڵاتەکەی دەربڕیوە لەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەبێ هیچ ڕێگرییەک لە ئاسمانی عێراقەوە دەربازی ئاسمانی ئێران بوون و ئامانجە سەربازیی و ئەتۆمی و پیشەسازییەکانیان بۆمباران کردووە.

لەو سەردانەدا، لاریجانی فشاری کردووە، کە ئەرکی حکوومەتی عێراقە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی جێگیر بکەن یان فشار بخەنە سەر ئەمەریکا بۆ ڕێگری لە تێپەڕبوونی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و کۆتایی هێنان بە پێشێلکارییەکان.

خاڵێکی دیکە کە عەلی لاریجانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی کردووە، جەختکردنەوە بووە لە ڕێککەوتنی هاوبەشی ئەمنی ئێران – عێراق؛ لەمەشدا باسی لە مەترسی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و هۆشداری داوە، لەوەی دەبێت ڕێگریان لێ بکرێت، ئەگەرنا ئێران مافی خۆیەتی ڕاستەوخۆ هێرش بکاتەوە سەر کەمپ و بنکەکانیان، هەروەک چۆن دوای ڕووداوەکانی ساڵی 2022 هێرشی چڕی کردە سەریان.

هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی هەفتەنامەکەی سەر بە سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە، دوای باسکردنی مەترسی و هەڕەشەکانی سەر کۆماری ئیسلامی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی شیعە باسی لە مەترسیی هێرشی دەرەکی بۆ سەر عێراق کردووە.

لاریجانی، بە سەرکردە شیعەکانی عێراقی ڕایگەیاندووە، ئەگەری هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ کوشتنی فەرماندەکانی بەرەی مقاوەمە و بۆمبارانکردنی دامەزراوە سەربازیی و بنکە ستراتیجییەکان لە عێراقدا هەیە. 

هەروەها هۆشداری داوە لە گواستنەوەی چەکداران لە سووریاوە بۆ باکووری ڕۆژئاوا و ڕۆژئاوای عێراق، کە دەکرێت ببێتە هۆی دروستکردنی ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەر بە ناوی 'هەرێمی سوننە'، کە پلانێکە لە چوارچێوەی دابەشکردنی وڵاتانی ناوچەکە و دروستکردنی پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشیی ئێران.

لاریجانی لە بارەی تێکچوونی دۆخی سیاسیی عێراق، هۆشدارییەکی دیکەی بە بەرپرسە شیعەکان داوە؛ پلانگەلێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سیاسیی عێراق یان ڕووخاندنی حکوومەتی فیدراڵ هەن، بۆ ئەوەی هەمان سیناریۆی سووریا لە عێراق دووبارە بکرێتەوە. هاوکات جەختی کردووەتەوە، بە بوونی پێکهاتەی جەماوەری، ئایینییەکان و چەکدارانی حەشدی شەعبی، سەرگرتنی ئەو پلانانە قورسن، بەڵام ئەزموونی 14 ساڵ لە ململانێ و گەمارۆ لە سووریا دەری دەخات، کە سیناریۆیەکی لەوجۆرە، مەحاڵ نییە.

عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ناوەڕاستی ئەم مانگە سەردانی بەغدای کرد و دواتر بەرەو لوبنان گەشتەکەی درێژە پێدا، نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە بارەی سەردانەکەی لاریجانی ڕایگەیاند، لە سەردانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ عێراق، لێکگەیشتنی ئەمنی مۆر کراوە، بێ ئەوەی وردەکارییەکان بڵاو بکاتەوە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment