تەقینەوەیەک لە دەوروبەری دیمەشق ڕووی دا و 8 سەربازی سوپای سووریا بوونە قوربانی

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەڵێت: لە ناوچەی کەسوە لە دەوروبەری دیمەشق، تەقینەوەیەک ڕووی دا، بەهۆیەوە دوو چەکداری سووپای سووریا گیانیان لەدەست دا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.

سێشەممە 26ـی ئابی 2025، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ناوچەی کەسوە لە دەروبەری دیمەشق، بەهۆی تەقینەوەیەک دوو سەربازی فیرقەی 44ـی سوپای سووریا کوژران، کە یەکێکیان فەرماندە بووە و شەش کەسی دیکەش بریندار بوونە، هەروەها دوانیان برینەکەیان سەختە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، باسی لەوەش کرد، دەنگۆی فڕینی درۆنی ئیسرائیلی لە ناوچەی کەسوە لە ئارادا بووە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمڕۆ بەیانی بەهۆی بۆردومانێکی ئیسرائیلی بۆ سەر ماڵێك لە گوندی تەرنجە لە دەوروبەری قونەیتەرە گەنجێك کوژراوە، تا ئێستاش نازانرێت هێرشەکە بە درۆن یان بە مووشەك ئەنجام دراوە.

 
Fly Erbil Advertisment