عراقچی: دانوستانەکان بە مەرج لەگەڵ ئەمەریکا دەست پێدەکەینەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمەریکا، بەڵام بەو مەرجەی واشنتن هێرشی سەربازی نەکاتە سەر تاران. جەختی لەوەش کردەوە، وڵاتەکەی دەستوەردان لە کاروباری لوبنان ناکات، هەروەها دژی دابەشبوونی سووریایە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (الشرق الأوسط)، چەند پرسێکی گرنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی خستەڕوو.
دانوستانە ئەتۆمییەکان
عێراقچی ڕایگەیاند: ئێران هەمیشە ئامادەیە بۆ چوونە نێو دانوستانێکی دادپەروەرانە و سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی، لەو بارەیەوە ئامادەیە بە مەرج لەگەڵ ئەمەریکا دەست بە دانوستانە ناڕاستەوخۆکان بکاتەوە.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، پێویستە ئەمەریکا گەرەنتی ئەوەمان پێ بدات لە کاتی دانوستانەکاندا هیچ هێرشێکی سەربازی ناکاتە سەر ئێران.
جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ئەمەریکا پێی وابێت ئەوەی لە ڕێگەی هێرشە سەربازییەکانەوە نەیتوانیوە بەدەستی بێنێت، دەتوانێت لە ڕێگەی دانوستانەوە بە دەستی بێنن، ئەوا ئێران ئامادەی بەشداریکردن لە دانوستانەکە نییە.
ئامادەین بۆ هەر بارودۆخێک
وەزیری دەرەوەی ئێران لە بارەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل، گوتی: هەموو شتێک ئەگەری ڕوودانی هەیە، ئێمە ئامادەین بۆ هەر بارودۆخێک، ئیسرائیل و ئەمەریکا لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەدا هیچ کام لە ئامانجەکانیان بەدەست نەهێنا، لە کاتێکدا ئێران بە شێوەیەکی پاڵەوانانە بەرگری کرد و وەڵامی هێرشەکانی دایەوە.
دەشڵێت: ئێمە لە هێرشە مووشەکییەکانمان بۆ سەر ئیسرائیل تا دوا سات بەردەوام بووین، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە وا بیری دەکردەوە بە تەواوی ڕادەست دەبین و توانامان نییە.
عراقچی جەختی لەوە کردەوە، دوای 12 ڕۆژ لە جەنگ، ئیسرائیل خۆی داوای ئاگربەستی بێ مەرجی کرد، ئێرانیش قبووڵی کرد. گوتیشی: ئەگەر بیانەوێت ئەم سیناریۆیە دووبارە بکەنەوە ئەوا ئێمە ئامادەین، بەڵام جەنگی 12 ڕۆژە سەلماندی کە بژاردەی سەربازی هیچ کاتێک بژاردەیەکی سەرکەوتوو نییە، بەڵکو شکستخواردووە.
هاوکات لە ئەگەری دووبارە هێرشکردنە سەر ئێران، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە هۆشداری دا و ڕایگەیاند: ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەست پێبکەنەوە، بە دڵنیاییەوە بە توندترین شێوە وەڵامیان دەدەینەوە.
دەستوەردان لە کاروباری لوبناندا ناکەین
عراقچی، لە بارەی دەستوەردان لە کاروباری لوبنان گوتی: ئێمە دەستوەردان لە کاورباری ناوخۆی ئەو وڵاتە ناکەین، تەنیا بۆچوون و ڕای خۆمان لە بارەیان دەردەبڕین، ئەمەش بە مانای دەستوەردان نایەت.
هاوکات ئاشکاری کرد، دەستوەردانی ڕاستەقینە ئەوەیە کە خاکی لوبنان داگیر بکەیت، یان پلانێکی سەیروسەمەرە پێشکەش بکەیت بۆ لەناوبردنی لوبنان.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە حزبوڵڵای لوبنانی کرد و ئاماژەی بەوە دا، حزبوڵڵا، لەگەڵ ئەوەدایە لە لوبنان گفتوگۆیەکی نیشتمانی ئەنجام بدرێت بۆ مەبەستی دیاریکردنی ستراتیجییەتی ئەمنیی وڵاتەکە بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان، بەڵام ئێمە لەو ڕاستییە دڵنیاین کە ئیسرائیل دەیەوێت هەموو وڵاتانی ناوچەکە لاواز، چەکداماڵكراو، پەرشوبڵاو و ناکۆک بن.
دەشڵێت: هیوادارم هەموو وڵاتانی ناوچەکە لەو ڕاستییە تێبگەن، کە ئەوەی لە سووریا و لوبنان ڕووی دا لە لای ئەوانیش دووبارە دەبێتەوە، ئامۆژگاری منیش بۆیان ئەوەیە کە هەرگیز سازش بۆ ئیسرائیل نەکەن، چونکە چەند سازشی بۆ بکرێت زیاتر بێ باک و بوێرتر دەبێت.
دژی دابەشبوونی سووریاین
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە بارەی سووریاوە گوتی: ئێمە هەمیشە هێرشەکانی ئیسرائیلمان بۆ سەر سووریا سەرکۆنە و شەرمەزار کردووە.
جەختی لەوەش کردەوە، ئێران دژی دابەشبوونی سووریایە و هەمیشە لەگەڵ یەگرتوویی خاکی وڵاتەکەیە، سەرکۆنەی هەر هەوڵێکیش دەکەین کە ئامانج لێی دابەشکردنی سووریا بێت.
عراقچی، هیوای دۆخێکی ئارام و سەقامگیر بۆ سووریا دەخوازێت و دەڵێت: ئەزموونەکان سەلماندوویانە لە نەبوونی سەقامگیریدا وڵات دەبێتە پەناگەی گرووپە تیرۆریستییەکان، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هیچ وڵاتێک و وڵاتانی ناوچەکە نییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریادا نییە.
گوتیشی: "ئێمە هیچ پەلەمان نییە، هەر کاتێک حکوومەتی نوێی سووریا گەیشتە ئەو بڕوایەی کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران لە بەرژەوەندیی سووریا، حکوومەت و گەلدا دەبێت، ئەو کاتە بیر لە بابەتەکە دەکەینەوە."