کۆمپانیای گشتیی چیمەنتۆی عێراق دەیویست لەبری مووچە چیمەنتۆ دابەشبکات
بەهۆی دابەشنەکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا

K24 - هەولێر
بە گوێرەی بەڵگەنامەیەک، کۆمپانیای گشتیی چیمەنتۆ کە سەر بە وەزارەتی پیشەسازی عێراقە، کارمەندەکانی سەرپشک کردووە لە وەرگرتنی چیمەنتۆ لەبری وەرگرتنی مووچە بەهۆی ئەوەی مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشنەکراوە.
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە "بە لە بەرچاوگرتنی درەنگکەوتنی دابەشکردنی مووچە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، بەڕێوەبەری گشتیی کارمەندەکانی سەرپشک دەکات لە وەرگرتنی پێنج تۆن چیمەنتۆ بە نرخی فەرمی و، مانگانە 50 هەزار دینار لە مووچەکانیان دەبڕێت".
لە بەرامبەردا وەزارەتی پیشەسازی راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە وەزیری پیشەسازی ئەو بەڵگەنامەی کۆمپانیای گشتی چیمەنتۆی رەتکردووەتەوە، کە وەک جێگرەوەیەک بۆ درەنگکەوتنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران دەریکردبوو.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتەکەدا هاتووە "وەزیری پیشەسازی پێی وایە ئەو بڕیارە هەوڵی تاکە کەسییە و لە لایەن کارگێڕی کۆمپانیاکەوە خوێندنەوەی بۆ نەکراوە، هەروەها نەگەڕاوەتەوە بۆ ناوەندی وەزارەت".
لە هەمان کاتدا مەنهەل عەزیز خەباز، وەزیری پیشەسازی لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیە و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ ئەو کەسانەی ئەو بڕیارەیان دەرکردووە.