خۆپیشاندەرێکی بەغدا: دوایین جار خزمەتگوزاریمان پێگەیشت، پێش ساڵی 2003 بوو

چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، دانیشتوانی گەڕەکی سەیدییە لە بەغدا دژی نەبوونی خزمەتگوزاریی خۆپیشاندانیان کرد و دەڵێن دواین جار خزمەتگوزاریان پێگەیشتووە، پێش ساڵی 2003 بووە.

یەکێک لە خۆپیشاندەران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەوکاتەی من منداڵ بووم پارچە زەویەکمان وەرگرتووە، کە ئەوکات باوکم گەنج بوو، باوکم مرد منیش خەریکە پیر دەبم تاوەکوو ئیستا ئەو زەویەمان خزمەتگوزاریی بۆ دابین نەکراوە، بۆیە پەیاممان بۆ سەرۆک وەزیران ئەوەیە، ئەوە هەڵبژاردن دێت، خزمەتگوزاریی کوا؟ ئێوە بە چ ڕوویەک داوای دەنگمان لێ دەکەن.

گوتیشی: وڵات بەسەر پشک پشکێنە دابەش بووە، بەشێکی زۆری بەهۆی گەندەڵیەوە قەڵەو بووە و لێی دەخوات، دەشڵێت: 25 ساڵە ئێمە خزمەتگوزارییمان پێنەگیشتووە، هەیە خوێنی ڕشتووە بۆ ئەم وڵاتە، زەویان پێداوە بەڵام ڕێگە نادەن بیکاتە خانوو، ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبامان نییە، شەقامی قیرمان نییە، لەگەرما سووتاین، هەر حکوومەتێک دێت دەسترێژی دەکاتە سەر مافەکانمان.

خۆپیشاندەرێکی دیکە گوتی: 25 ساڵە مافمان دەخورێت و سەرۆک وەزیران مافەکانمان دابین ناکات، نازانم ڕوو بکەمە کوێ. من لە 2005ەوە زەویەکم کڕیوە، تەمەنم گەیشتووەتە 65 ساڵ تاوەکوو ئێستا نەم توانیووە زەویەکەم بکەمە خانوو، چونکە یەک خزمەتگوزاریی نییە.

جەختیشی کردەوە، من لە 2008ەوە کرێچیم، بۆیە زەویم کڕی تاوەکوو لە کرێچیاتی ڕزگارم بێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچم بۆ نەکراوە، بڕۆن سەیری زەویییەکان بکەن دەڵێی بیابانە، چونکە ئاو، کارەبا ئاوەڕۆ و شەقامی نییە.

خۆپیشاندەرێکی دیکە دەڵێت: پەیامەکەمان تەنیا بۆ محەممەد شیاع سوودانییە، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، تەنیا خزمەتگوزارییە، داوا لە خوا پاشان لە سوودانی دەکەین خزمەتگوزاریی بۆ ئەو زەویانەمان دابین بکات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment