دەستەی ژینگە بەکارهێنانی پلاستیک لە فەرمانگەکان قەدەغە دەکات
مەترسییەکانی پلاستیک بۆ سەر ژینگەی کوردستان
K24 – ھەولێر:
بەکارھێنانی زۆری پلاستیک لە ھەرێمی کوردستان مەترسییەکی جدییە لەسەر کەرتی ژینگە و پیسبوونی و مەترسییەکەی بۆ چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت.
لەم چوارچێوەیەدا دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان بە رێکارێک بەکارھێنانی پلاستیکی لە دەستەکە و سەرجەم فەرمانگەکانی سەر بەدەستەکەی قەدەغە كرد.
لە ژێر دروشمی لە خۆمانەوە دەستپێدەکەین، دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە لە ھەرێمی کوردستان بە کارھێنانی پلاستیک و ھاوشێوەکانی بە بڕیارێک قەدەغە كرد بەو ئامانجەى ببێتە کلتورێک کە کەمترین پلاستیک بە کاربھێنرێت.
عهبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی چاکكردن و پاراستنی ژینگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: بەکارھێنانی پلاستیک زیانێکی گەورەی بە ژینگەی ھەرێمی کوردستان گەیاندووە، کە لەوانەیە بۆ دەیان ساڵی دیكە شوێنهوارهكانی بمێنێتەو، لەھەنگاوێکی بچووکەوە دەستمان پێکردووە بەو ئامانجەی ئەم بڕیارە ھەموو دامودەزگاکان بگرێتەوە.
ھەروەھا گوتی: ئامانجمانە ژینگەی ھەرێمی کوردستان لە لەناوچوون بپارێزین و ھۆشیاری پاراستنی ژینگەش بگەیەنینە قۆناغێکی باشتر بۆ ئەمەش بەردەوام دەبین لە کارکردن.
ئاسۆ شکاک، ژینگە پارێزە و ماوەی 15 ساڵە لە بواری پاراستن و ھۆشیاری ژینگەییدا کاردەکات. ئاسۆ گوتی: دوو ھۆکار ھەن بۆ پیسکردنی ژینگە یەکەم: کەمی ھۆشیاری و نەبوونی پەروەردە و تەندروستییەكى ژینگەیی. دووەم: لاوازی ئەو یاسایانەی کە بۆ پاراستنی ژینگە دەرکراون لەلایەن پەرلەمانەوە.
دەستەی چاکكردن و پاراستنی ژینگە بە بڕیارێک بەکارھێنانی پلاستیکی لە دەستەکە و سەرجەم فەرمانگەکانی سەر بەو دەستەیەی قەدەغەکردووە لە بری ئەویش پەرداخی کارتۆن بەکار دەھێنن. ھەروەھا لە بری کەوچکی پلاستیکیش کەوچکی تەختە بەکاردەھێن.
بە پێی ئەو بەدواداچوونەی دەستەکە بۆ بەکارھێنانی پلاستیکی کردوويەتى له کۆی 500 کارمەند ئەگەر رۆژانە یەک کارمەند 3 بوتڵی پلاستیکی ئاو بەکاربھێنێت ئەوە ساڵانە دەکاتە نزیکەی نیو ملیۆن بوتڵ تەنھا لە دەستەی ژینگەدا.
بۆیە پێیان وایە ئەگەر پێش لەم بابەتە نەگیرێت؛ لەوانەیە لە داھاتوویەکی نزیکدا کوردستان ببێتە زبڵخانەیەکی پلاستیکی، کە مەترسی لەسەر ژیانی تاک بەتاکی کۆمەڵگا دەبێت.