حكوومه‌تی عێراق بازاڕێكی گه‌وره‌ی میللی له به‌غدا تێكده‌دات و نانی هه‌زاران خێزان ده‌بڕێت

حكوومه‌تی عێراق به پاساوی نۆژه‌نكردنه‌وه و هه‌ڵگرتنی زێده‌ڕۆیی، ده‌ستی بۆ تێكدان و نه‌هێشتنی گه‌وره‌ترین بازاڕی میللی له به‌غدا بردووه، كه بژێوی هه‌زاران خێزانی له‌سه‌ره؛ ئه‌و بازاڕه له‌وه‌ته‌ی ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه، بووه‌ته هێمای كاری خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌تی شاری سه‌در پایته‌ختی عێراق.
چوارشه‌ممه، 27ـی ئابی 2025، هێزێكی گه‌وره‌ی ئه‌منی عێراق یاوه‌ری تیمه‌كانی شاره‌وانی بوون بۆ هه‌ڵگرتن و نه‌هێشتنی دوكانه‌كانی بازاڕی میللی موریدی له شاری سه‌در له به‌غدای پایته‌خت.
ئه‌و هێزه وه‌ك ده‌ره‌ده‌كه‌وێت وه‌كوو ئه‌وه وایه ئۆپه‌راسیۆنێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازی و ئه‌منی له دژی له‌یاساده‌رچووان و گه‌یشتن به ئامانجێكی گه‌وره و مێژوویی ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام له واقیعدا بۆ ئه‌وه بوو خه‌ڵكی كاسب و هه‌ژاری بازاڕی میللی موریدی چاوترساو بكه‌ن و به ئاره‌زووی خۆیان و به‌بێ بوونی هیچ ده‌نگێكی ناڕه‌زایی، بازاڕه‌كه تێكبده‌ن و ئاسه‌واری نه‌هێڵن.
دوكانداره‌كانی ئه‌و بازاڕه میللییه له بڕیاری تێكدانی بازاڕه‌كه نیگه‌رانن و ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، حكوومه‌تی عێراق به‌بێ ئه‌وه‌ی شوێنێكی دیكه‌یان بۆ دابین بكات و قه‌ره‌بوویان بكاته‌وه، به هێزی سه‌ربازی و ئه‌منی هه‌ڵیكوتاوه‌ته سه‌ریان و له دوكانه‌كانیان وه‌ده‌ریناون و نان و ڕۆزی خۆیان و خێزانه‌كانیان لێ بڕیون.
هاوكات میدیا عێراقییه‌كان بڵاویان كرده‌وه، ژماره‌یه‌ك له دوكانداره‌كان به چه‌كی سووك ڕووبه‌ڕووی هێزه ئه‌منییه‌كان بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام هیچ زیانێكی گیانی لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه. ده‌شڵێن، هێزه ئه‌منییه‌كان ژماره‌یه‌ك له‌و دوكاندارانه‌یان ده‌ستگیر كردووه كه ته‌قه‌یان لێیان كردووه.
شه‌ممه، 2ـی ئابی 2025، به‌شی عه‌ره‌بی ده‌زگای كوردستان24 ڕاپۆرتێكی له باره‌ی چاره‌نووس و ئایینده‌ی دوكانداره‌كانی بازاڕی موریدی بڵاوكرده‌وه و تێیدا دوكانداره‌كان سكاڵایان كرد، كه حكوومه‌ت هیچ پلانێكی نییه له شوێنی دیكه قه‌ره‌بوویان بكاته‌وه و هه‌لی كاریان بۆ بدۆزێته‌وه.
دوكانداره‌كانی ئه‌و بازاڕه ڕوونیان كردبووه‌وه، زیاتر له 15 هه‌زار دوكان له‌و بازاڕه هه‌یه كه زیاتر له 40 هه‌زار كاسبی تێدا ده‌كه‌ن، تێكدانیشی واته بڕینی نان و بژێوی و ڕۆزی هه‌زاران خێزان، ئه‌مه‌ش تاوانێكی گه‌وره‌یه حكوومه‌ت به‌رانبه‌ریان ده‌یكات.
ئه‌و دوكاندارانه باسیان له‌وه كردبووه، حكوومه‌ت هیچ گرنگی به‌وان نادات و جێگره‌وه‌ی بۆیان نییه، بۆیه ڕه‌نگه به‌م هۆیه‌وه هه‌زاران گه‌نج بێكار بن و په‌نا بۆ تلیاك و كاری نه‌شیاو بده‌ن و له ڕاسته‌ڕێ لابده‌ن.
بازاڕی میللی موریدی له‌وه‌ته‌ی ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له شاری سه‌در دروست بووه و ناوه‌كه‌شی بۆ حاجی موریدی لامی ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه یه‌كه‌م كه‌س بووه دوكانی له‌و بازاڕه داناوه.
