لە قوتابخانەیەکی ئەمەریکا چەکدارێک کارەسات دەنێتەوە

لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە قوتابخانەیەکی کاسۆلیکی شاری مینیاپۆلیس، لە ویلایەتی مینیسۆتا، دوو منداڵ کوژران و 17 کەسی دیکەش بریندار بوون.
چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، برایان ئۆهارا، سەرۆکی پۆلیسی مینیاپۆلیس بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: پیاوێکی تەمەن 20 ساڵ، تەقەی لە قوتابیان کرد کاتێک سەرقاڵی نوێژی دەستپێکی وەرزی خوێندن بوون. لە ئەنجامدا دوو منداڵی قوتابی کوشت و 17 کەسی دیکەشی بریندار کرد.
ئۆهارا، گوتیشی "تەقەکەرەکە پێش گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس، خۆی کوشتووە"
سەرۆکی پۆلیسی مینیاپۆلیس هەروا گوتی: ئەمە کردەوەیەکی دڕندانە و ترسنۆکانەیە دژی منداڵانی بێتاوان و کەسانی بڕوادار لە کەنیسەیەکدا.

ڕووداوەکە دوو ڕۆژ دوای دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن، لە خوێندنگەی سەرەتایی تایبەتی Annunciation Catholic School ڕووی دا، کە نزیکەی 395 خوێندکاری هەیە و سەر بە کەنیسەیەکی ڕۆمانی کاسۆلیکییە لە گەڕەکێکی باشووری ڕۆژهەڵاتی گەورەترین شاری ویلایەتی مینیسۆتا. تەلەفزیۆنی ناوخۆیی دیمەنی دایکان و باوکانی نیشان دا کە بە پەلەپروزێ منداڵەکانیان لە قوتابخانەکە دەردەهێنا.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی پۆلیسی شارەکە "'بەبێ ئەوەی ناوی تەقەکەرەکە ئاشکرا بکات' تەقەکەرەکە مێژوویەکی تاوانکاریی بەرفراوانی نەبووە و تا ئێستا نازانرێ بۆچی تەقەی کردووە؟"
نەخۆشخانە ناوخۆییەکان ڕایانگەیاند "15 منداڵ و دوو گەورەساڵ بە برینداری گەیەنراونەتە بەشی فریاکەوتنی خێرا."
لە ئەمەریکا دیاردەی تەقەکردن لە قوتابخانەکان، زۆرجار ڕوودەدەن و دەبێتە هۆی مشتومڕی بەردەوام سەبارەت بە یاساکانی چەک و سەلامەتیی قوتابخانەکان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند کە ئاگاداری تەقەکردنەکە کراوە و FBI لە شوێنی ڕووداوەکەیە. ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، نووسی "تکایە نوێژ بۆ قوربانییەکانی ئەو ڕووداوە بکەن"
کریستی نۆم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆ، لە سۆشیال میدیادا ڕایگەیاند "وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوخۆ و چاودێریی دۆخەکە دەکات."
بە گوێرەی دوا ڕاپۆرتی پۆلیس، لە دوا نیوەڕۆی دوێنێ، سێشەممەوە، سێ ڕووداوی تەقەکردنی دیکە لەم شارە ڕوویان داوە، کە لە ئەنجامدا سێ کەسیان کوشت و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوونە.
سەرۆکی پۆلیسی مینیاپۆلیس ڕایگەیاند "تا ئێستا ڕوون نییە ئایا ڕووداوەکەی ئەمڕۆ پەیوەندی بە ئەوانی دیکەوە هەیە یان نا."