کۆمیسیۆنی ئاشتی لەگەڵ سەرۆکانی پێشووی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە

کۆمیسیۆنی ئاشتی، ئەمجارە بۆ گوێگرتن لە سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی پارێزگا و شارەکانی باکووری کوردستان و شارە گەورەکانی تورکیا،کۆبووەوە.

سەرۆکانی سەندیکاکانی پارێزەران لە کۆمیسیۆنی یەکگرتنی نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی سەرنجیان بۆ گرنگیی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤ و دادگای دەستوور ڕاکێشا، هاوکات داوای ئازادکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاشیان کرد.

سەرۆکانی سەندیکاکانی پارێزەران، بەکارهێنانی زمانی کوردی لەهەموو بوارەکانی کاروباری دەوڵەت و کۆمەڵگە، بەپێویست دەزانن بۆ ئاشتی و چارەسەریی بەردەوام، هاوکات بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025، حەوتەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی ئاشتی بە بەشداریی 10 سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا، کۆببێتەوە.

کۆمیسیۆنی یەکگرتنی نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی، لەگەڵ سەرۆکانی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر، چەولیک، مێردین، وان، مێرسین، ئیستانبوڵ و ئەنقەرە کۆبووەوە، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێکردنی دەستوور کرد.

ئیرینچ ساگکان، سەرۆکی سەندیکاکانی پارێزەرانی تورکیا ڕایگەیاند: چارەسەریی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە، پێویستە بە هەستیاریی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، دروستکردنی متمانە لەنێوان لایەنەکان لە بەرانبەر یەکتردا گرنگە، دەشڵێت: پێویستە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) چەکی خۆیان بە تەواوی دانێن، گرەنتی ئەوەش بدەن جارێکی دیکە و بەناوێکی دیکە، پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) دانامەزرێننەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، داوای وەستاندنی هەڵمەتی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی نایاسایی، دەستبەردان لە بەرتەسککردنەوەی ئازادی و ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانیی، هاوکات جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤ و دادگای دەستووری کرد، داوای وەستاندنی پرۆسەی دانانی قەیومەکانیشی کرد.

عەبدولقادر گەلەچ، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکریش پێشنیازی دانانی یاسایەکی تایبەتی کرد، لەوانەش، دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی لەدەرەوەی تورکیادان، لەگەڵ ئازادکردنی زیندانییەکان، هەروەها هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەم زمانی کوردی و پەروەردە بە زمانی دایک، لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای ئەورووپا و دادگای دەستوور و ئازادکردنی سەڵاحەدیین دەمیرتاش و هاوەڵانی کرد، سەرباری ئازادکردنی ئەو زیندانییانەی نەخۆشن، هاوکات ڕاگرتنی پرۆسەی دانانی قەیوم و ڕێزگرتن لە ڕای گەل.

یوسف کیتینالپ، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی چەولیگیش ئاماژەی بە یەکسانیی هاووڵاتیبوون کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی کورد، پرسی دیموکراسییە، بە دروستکردنی ئاشتی، ئاستەنگەکانی بەردەم  دیموکراسی نامێنێت، گوتی: پێویستە لەڕێگەی دەستوورەوە مافی هاووڵاتیبوون پارێزگاریی لێبکرێت.

کیتینالپ داوای کرد، فشار لەسەر زمانی کرمانجی و زازاکی و  زمانەکانی دیکە هەڵگیرێن و لەدام و دەزگاکانی دەوڵەت بەکاربێن، هاوکات هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەو زمانانە بدرێن.

سەرۆکی گرووپی مەهەپە  فاتیح یڵدز، ڕەخنە لەشێوازی قسەکردنی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گرت کە ئامانجی دروستکردنی کۆمیسیۆنەکە نازانێت و باسی بابەتی جیا لە ئامانجی کۆمسیۆنەکە دەکات، سەرۆکی گرووپی جەهەپەش گوتەکانی لەجێی خۆیدا دەبینێت و گوتی: جێبەجێکردنی دەستوور ئەرکی پارێزەرانە.

 
 
Fly Erbil Advertisment