دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید دواخرا

بڕیاربوو ئەمڕۆ دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید بەڕێوەبچێت. بەڵام بۆ جاری دووەم دادگاییکردنەکە دواخرا.
کوردستان24 زانیویەتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، دادگای سلێمانی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، بۆ 2ـی ئەیلوولی 2025 دواخست و بڕیاریدا هەر لەدەستبەسەریدا بمێنێتەوە تاوەکوو ڕۆژی دادگاییکردنەکەی.
سەرچاوەیەک لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی نەبونی بەڵگەی تەواوەتی لەسەر کەیسی شادی نەوزاد لە لایەن خودی سکاڵاکار و پارێزەرەکانیەوە کە سکاڵایان لە شاسوار کردووە، دادوەر بڕیاری دواخستنی دادبینیەکەی دا، ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: دیار نیە دادگا لە 2-9 دانیشتنەکە دەکات یاخود جارێکی دیکە دوای دەخاتەوە.
دوێنێ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە دادگەی سلێمانی، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لەسەر سکاڵایەکی شادی نهوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بەڕێوەدەچێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لە دانیشتنی یەکەمی دادگادا کە لە 21ـی ئاب بەڕێوەچوو، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمەتەکانی ڕەتکردووەتەوە و داوای کردووە شایەتحاڵەکانی بانگهێشت بکرێن بۆ سەلماندنی بێتاوانیی خۆی.
شاسوار عەبدولواحید ماوەی 16ڕۆژە، لە شەوی 12ـی ئابی 2025، لەسەر سکاڵایەکی پەرلەمانتارێکی پێشووی کوردستان بە تۆمەتی "ناوزڕاندن و هەڕەشەکردن" دەستگیر کراوە. کەیسەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2021 و دادگەی سلێمانی ڕایگەیاندووە کە چەندین جار ناوبراو بانگهێشت کراوە؛ بەڵام ئامادە نەبووە، بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.