ڤۆندێر لاین: ڕووسیا کەس ناپارێزێت

ئۆرسۆلا ڤۆندێر لاین
ئۆرسۆلا ڤۆندێر لاین

ئۆرسۆلا ڤۆندێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، دوای هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر کێیڤی پایتەختی ئۆکرانیا کە بارەگای نوێنەرایەتی کۆمیسیۆنی ئەورووپاشی کردووەتە ئامانج، نوێنەری ڕووسیای لە برۆکسل بانگهێشت کرد.

ڤۆندێر لاین، لەبارەی هێرشەکەی ڕووسیا کە شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە کردیە سەر کێیڤ و 14 کەسی کوشت، سەرباری ئەوەی زیانی زۆری بەر باڵەخانەی کۆمیسیۆنی ئەورووپا گەیاندووە، گوتی: وادیارە مۆسکۆ هیچ شتێک لەبەرچاو ناگرێت تەنیا مەبەستی ئەوەیە ترس لە ئۆکرانیا بڵاو بکاتەوە.

ڤۆندێر لاین لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەو هێرشەی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە ڕووسیا کردیە سەر کێیڤ، زۆرترین زیانی گیانی هەبووە لەمانگی تەممووزەوە کە تێیدا بارەگای نوێنەرایەتی کۆمسیۆنی ئەورووپاشی بەئامانج گرتووە.

ڤۆندێر لاین دەشڵێت: بەو هێرشەی کردیە سەر کێیڤ، ڕووسیا سەلماندی شتێک دەست ناخات جگەلە دروستکردنی ترس لای ئۆکرانییەکان و کوشتنی کوێرانەی هاووڵاتییانی ئۆکرانیا لە پیاوان و ئافرەتان و منداڵان، لەگەڵ ئەوانیشدا بە ئامانجگرتنی یەکێتی ئەورووپا، ڕایگەیاند: دوو مووشەک لە دووری پەنجا مەتر لەبارەگای یەکێتی ئەورووپا لە کێیڤ کەوتوونەتە خوارەوە، هەردوو مووشەک بەجیاوازی 20 چرکە بەدوای یەکدا کەوتوونەتە خوارەوە.، گوتی: من زۆر توڕەم بەو مووشەکانەی لە نزیک بارەگاکەمان کەوتوونەتە خوارەوە.

دووپاتی ئەوەشی کردەوە، کۆمسیۆنی ئەورووپا کاردەکات بۆ ئەوەی، پارەی زیاتری بلۆککراوی ڕووسیا بۆ پشتیوانی ئۆکرانیا تەرخان بکات، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگریی دەکەن لەوەی، 19 سزای دیکە بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنن.