ڕۆیتەرز: بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا سناپ باکیان دژی ئێران چالاک کرد

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، میکانیزمی سناپ باکیان لە دژی ئێران چالاک کرد، هەروەها هەوڵیش دەدەن لە ماوەی 30 ڕۆژدا کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان لەگەڵ تاران چارە بکەن.

پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، هەر یەکە لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، کە وڵاتانی 'ترۆیکا' ناسراون، میکانیزمی سناپ باکیان لە دژی ئێران چالاک کرد.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، هەر سێ وڵاتەکە داوا لە ئێران دەکەن، لە ماوەی 30 ڕۆژ پابەندبوونی خۆی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی پیشان بدات.

بە پێی ئاژانسەکە، وڵاتانی ترۆیکا لە هەوڵدان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبن، تا ڕازی بکەن بە مەبەستی درێژکردنەوەی بڕیاری ژمارە 2231ـی 2015ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

ئەمەش لەکاتێک دایە، سێشەممە 26ـی ئابی 2025، وڵاتانی ئەورووپی و بەریتانیا بە مەبەستی چارەکردنی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تاران لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە لە جنێڤ لەگەڵ شاندی ئێران کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی بەر لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم دەرفەت بدەنە ئەو وڵاتە.

هەروەها میدیاکانی ئەورووپا بڵاویان کردەوە، دانوستانەکەی ڕۆژی سێشەممە هیوا بەخش نەبوون و هیچ ئاماژەیەک بۆ پابەندبوونی ئێران بە یاساکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هێشتا لە چەند هەفتەی داهاتوو دەرفەت دەدەنە ئێران کە پابەندبوونی خۆی پیشان بدات.

وڵاتانی ڕۆژئاوا بە بیناوی پابەندنەبوونی ئێران بە ڕێککەوتنامەی ساڵی 2015 بۆ سنووردارکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم، هەوڵەکانیان بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران چڕ کردووەتەوە، هەروەها ئاماژەیان داوە، بەرنامەی ئەتۆمی تاران لە بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی دەرچووە و نزیکە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment