مه‌سرور بارزانی: هەڵەبجەی خۆشەویست یەکەم پارێزگایە كاره‌بای 24 كاتژمێری هه‌یه‌

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، نزیكه‌ی چوار ملیۆن هاووڵاتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێریی پڕۆژەی ڕووناکییان هەیە؛ ده‌شڵێت، بەخۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم کە هەڵەبجەی خۆشەویست یەکەم پارێزگایە بەتەواوی کارەباکەی بووەتە 24 کاتژمێری.

پێنجشه‌ممه‌، 28ـی ئابی 2025، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، نزیكه‌ی چوار ملیۆن هاووڵاتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و 115 هەزار شوێنی بازرگانی ئێستا کارەبای 24 کاتژمێریی پڕۆژەی ڕووناکییان هەیە.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: بەخۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم کە هەڵەبجەی خۆشەویست یەکەم پارێزگایە بەتەواوی کارەباکەی بووەتە 24 کاتژمێری و پیرۆزە لە کوردستان.

هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نزیکەی چوار ملیۆن هاووڵاتی، دەکاتە زیاتر لە 50%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی، کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابینکراوە.

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم فراوانبوونەی ئەمڕۆ، هاووڵاتییان لەسەر ئاستی ناوەندی شارەکانی هەولێر و دەورووبەری، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دەستییان دەگات بە کارەبای 24 کاتژمێری و زووتر لەو پلانەی بۆ داڕێژڕاوە.

وەزارەتەکە باسی لەوە کردووە، زیاتر لە 3,200 موەلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە و تا کۆتایی ساڵی 2026یش حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانی دایە زیاتر لە 7,000 موەلیدە بکوژێنێتەوە. 

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە ئایاریش ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment