ئه‌مه‌ریكا، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا و ئێران هه‌ڵوێستیان له‌باره‌ی سه‌پاندنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر تاران ڕاگه‌یاند

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی به‌رانبه‌ر به بڕیاره‌كه‌ی فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا بۆ دووباره سه‌پاندنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر ئێران ده‌رده‌بڕێت؛ هاوكات وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش وه‌ڵام بۆ بڕیاره‌كه هه‌یه و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نساش به‌م هه‌مان شێوه‌یه په‌سنی بڕیاره‌كه ده‌كه‌ن.
پێنجشه‌ممه، 28ـی ئابی 2025، ماركۆ ڕوبیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاند، پشتیوانی له بڕیاره‌كه‌ی فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا بۆ دووباره سه‌پاندنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر ئێران ده‌كه‌ن.
ماركۆ ڕوبیۆ داواشی له ئێران كرد، ده‌ست به دانوستانێكی بونیاتنه‌ر سه‌باره‌ت به پرسی ئه‌تۆمی وڵاته‌كه‌ی بكات و بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر مێزی گفتوگۆكان.
هاوكات ژان نوێڵ بارۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (ئێكس) بڵاوی كرده‌وه، چالاككردنی دووباره سه‌پاندنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر ئێران، به‌و مانایه نییه كه كۆتایی به چاره‌سه‌ری دیپلۆماتی هاتووه، به‌ڵكوو مه‌به‌ستیانه له ماوه‌ی 30 ڕۆژی داهاتوودا ده‌رگای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئێران بكرێته‌وه و پابه‌ندن به دیپلۆماتییه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ره‌نتی ئه‌وه بكه‌ن ئێران نه‌توانێت به هیچ شێوه‌یه‌ك ببێته خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی.
هه‌روه‌ها یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگه‌یاند، چالاككردنی دووباره سه‌پاندنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر ئێران، قۆناغێكی نوێی دانوستانه دیپلۆماسییه‌كانه. داواشی له ئێران كرد هاریكاریی ته‌واوی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆم بكات و به ڕوونی پابه‌ندیی دانوستانه ڕاسته‌وخۆكان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بێت.
هه‌ینی، 22ـی ئابی 2025، یۆهان ڤادەپول ڕایگه‌یاند،بوو بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئێران و پرسه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی، پابه‌ندیی دیپلۆماسیین. هاوكات به پێویستی زانیبوو، ئێران به شێوه‌یه‌كی كارا به‌شداریی دانوستانه‌كان بكات.
یۆهان ڤادێفول جه‌ختیشی كردبووه‌وه، مه‌به‌ستیانه ئێران ڕێككه‌وتنێكی هه‌میشه‌یی له‌گه‌ڵیان هه‌بێت و به شێوه‌یه‌كی كاراتر به‌شداریی دانوستانه‌كان بكات.
دوای بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بڕیاره‌كه‌ی به په‌ره‌سه‌ندنێكی گێچهڵكارانه و ناپێویست ناو برد و ڕایگه‌یاندووه، بڕیاره‌كه ده‌بێته هۆی نه‌مانی هاریكارییه‌كانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆم.
پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، هەر یەکە لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، کە وڵاتانی 'ترۆیکا' ناسراون، میکانیزمی سناپ باکیان لە دژی ئێران چالاک کرد.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، هەر سێ وڵاتەکە داوا لە ئێران دەکەن، لە ماوەی 30 ڕۆژ پابەندبوونی خۆی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی پیشان بدات.
ميكانیزمی سناپ باك
ميكانیزمی سناپ باك (Snapback) یانیش (جڵه‌وكردنی پهلهپیتكه) پلانی ئه‌مه‌ریكا بوو له سه‌رده‌می باراك ئۆباما له ساڵی 2015، بۆ ئه‌وه بوو ئه‌گه‌ر ئێران پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی نه‌بێت به‌رانبه‌ر به‌و لایه‌نانه‌ی دواتر به ڕێككه‌وتننامه‌ی 5+1 یاخود (JCPOA)، كه پێكهاتبوون له ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا، ڕووسیا، چین و ئه‌ڵمانیا، ناسران. ئامانجی سه‌ره‌كیشی بریتی بوو له دڵنیاكردنه‌وه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچه‌كه، كه ئه‌م میكانیزمه خێرایه ده‌توانێت دووباره سزاكانی سه‌ر ئێران بگه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر پابه‌ندیی پابه‌ندی و به‌ڵینه‌كانی نه‌بێت.
ڕێككه‌وتننامه‌ی 5+1، له چوارچێوه گشتییه‌كه‌یدا گوزارشت له بڕیاری ژماره 2231ـی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیی ده‌كات وه‌كوو چه‌ترێك بۆ هه‌موو بڕیاره تاكلایه‌نه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش كه كۆمه‌ڵێك سزای له‌خۆ گرتووه.
هەروەها میکانیزمی سناپ باک مافی ئەوە دەداتە ئەمه‌ریکا بۆ هەموو بڕیاره پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بگەڕێتەوە و داوای گەڕاندنەوەی دەستبەجێیان بکات لە ماوەی 30 ڕۆژدا، واته لە دوای ئاگادارکردنەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش.
هه‌ر یه‌ك له به‌ریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کە بە ترۆیکا ناسراون، لایەنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ـن لەگەڵ ئێران کە لە تشرینی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵ کۆتایی دێت، دەسەڵاتی چالاككردنی میکانیزمی سناپباکیان هەیە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی سه‌ر ئێران لە لایه‌ن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونی به‌ڵێنه‌كانی له باره‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمییه‌وه.
هەر لایەنێکی ڕێككه‌وتننامه‌ی 5+1، هاوكات لە ئێران و یەکێتیی ئەوروپاش وەک ڕێکخەر، مافی دەستپێشخەریی چالاكردنی میکانیزمی سناپ باكیان هەیە، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ناتوانێت ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی له‌م شێوه‌یه بكات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ئایاری 2018ـدا له سه‌رده‌می خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تیی دۆناڵد تره‌مپدا له ڕێككه‌وتننامه‌كه كشایه‌وه.
ئه‌مه‌ریكا پێشتر لە ئەیلوولی 2020ـدا هەوڵی چالاککردنی ئه‌و میكانیزمه‌ی بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان به‌سه‌ر ئێران‌دا بوو، بەڵام زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش ڕەتیان کردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمه‌ریکا له‌ناو ڕیككهوتننامهكهدا نه‌مابوو.
چه‌ند هه‌نگاو و ڕێكارێك بۆ چالاككردنه‌وه‌ی ميكانیزمی سناپ باك:
-ئەو لایەنەی پێی وایە ئێران پابەند نەبووە بە ڕێککەوتننامهكهوه، سکاڵایەکی نووسراو پێشکەش بە لیژنه‌ی هاوبەش دەکات کە لە نوێنەرانی سەرجەم لایەنەکانی ڕێککەوتننامهكه پێک هاتووە.
-میکانیزمەکە ماوەی دیاریکراوی 15 ڕۆژ دەداتە لیژنه‌كه بۆ ئەوەی هەوڵی چارەکردنی کێشەکە بدات لە ڕێگەی دانوستانەوە.
-ئەگەر ناکۆکییەکە لە چوارچێوەی لیژنه‌كه یەکلایی نەکرایەوە، پرسی ئه‌و ناكۆكییه بۆ ماوەی 15 ڕۆژی دیکە ڕەوانەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئه‌ندامی ڕێككه‌وتننامه‌كه دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن.
-لەم ماوەیەدا لایەنی سکاڵاکەر دەتوانێت داوای بۆچوون لە لیژنه‌یه‌كی ڕاوێژکاری سێ کەسی پسپۆر و تایبه‌تمه‌ند بکات بۆ ئەوەی تاوتوێی ئه‌م پرسه بكات له ماوه‌ی 15 ڕۆژی دیكه. ئەمە ڕێکارێکی ئیختیارییە و ناپابەندکەر و نائیلزامییه.
-ئەگەر هەموو ئەم هەنگاوانە ڕێکكەوتنی به دواوه‌دا نه‌هات، لایەنی سکاڵاکەر دەتوانێت ئەو پرسە ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی سه‌ر به نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.
-پرۆژه بڕیارێك ده‌خرێته به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌رده‌وامیدان گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران.
-ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایش لە ماوەی 30 ڕۆژدا ئەم بڕیاره پەسەند نەکات، هەموو ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی پێش ڕێککەوتنەکە بەسەر ئێران‌دا سەپێندرابوون، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەگەڕێنەوە.