فەرمانی سەرۆک بارزانی جێبەجێ کرا؛ کارەبای هەڵەبجە پێش پارێزگاکانی دیکە بووە 24 کاتژمێری

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم کە هەڵەبجەی خۆشەویست یەکەم پارێزگایە بە تەواوی کارەباکەی بووەتە 24 کاتژمێری و پیرۆزە لە کوردستان.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی سەرۆک بارزانیی بۆ بە 24 کاتژمێریکردنی کارەبای هەڵەبجە پێش هەموو پارێزگاکانی دیکە، جێبەجێ کرد.

پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی پێشکەوتنەکانی پرۆژەی ڕووناکییەوە، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە تەواویی دانیشتووانی هەرێم کرد و گوتی: "بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم کە هەڵەبجەی خۆشەویست یەکەم پارێزگایە کە کارەباکەی بووەتە 24 کاتژمێری".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: ئامادەین بۆ هاوکاریکردنی بەشەکانی دیکەی عێراق، بۆ مەبەستی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نزیکەی چوار ملیۆن هاووڵاتی، کە دەکاتە زیاتر لە 50%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی، کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابین کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لە کاتی سەردانیکردنی گەڕەکی شادی لە هەولێر، پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. ئامانج لە پرۆژەکە، دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ هاووڵاتییان و پاککردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی کوژاندنەوەی موەلیدە ئەهلییەکان. 

 
Fly Erbil Advertisment