گۆتێرێز: کۆنتڕۆڵکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، پەرەسەندنێکی کوشندەیە

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئیسرائیل کرد خۆی لە کۆنتڕۆڵکردنی شاری غەززە بەدوور بگرێت لە کاتێکدا ترسی کارەساتی مرۆیی هەیە.

گۆتێرێز لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی:  خەڵکی مەدەنی لە غەززە ڕووبەڕووی کوشندەیەکی دیکە دەبنەوە، ڕاگەیاندنی ئیسرائیل لە نیازی داگیرکردنی شاری غەززە، قۆناغێکی نوێی و مەترسیدارە.

گۆتێرێز گوتی: "جارێکی دیکە سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنی ناچار دەبن هەڵبێن، ئەمەش خێزانەکان پاڵدەنێتە مەترسییەکی قووڵترەوە. دەبێت ئەمە بوەستێت. هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ ململانێکان نییە".

ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوونی کردەوە، ئاستی مردن و وێرانکاری لە غەززە لەم دواییانەدا بێ شومارە.

ئاماژەی بەوەشکرد، غەززە پڕ بووە لە داروپەردوو، بە لاشە، بە نموونەی ئەوەی کە ڕەنگە پێشێلکاری جددی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت.

سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوەکان دەشڵێت: پێویستمان بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ و بەردەوام هەیە، پێویستە دەستبەجێ بارمتەکان ئازاد بکرێن، هەروەها ئەو مامەڵە ترسناکە کە ناچار کراون بەرگەی بگرن، دەبێت کۆتایی پێبێت.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل "پابەندبوونێکی ڕوون"ی لە غەززەدا هەیە: دڵنیابوون لە دابینکردنی "خۆراک، ئاو، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکە" و "ڕازیبوون لەسەر دەستڕاگەیشتنێکی مرۆیی زیاتری بەرچاو و پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی".

لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردبوو، شاری غەززە کۆنترۆڵبکەنەوە، کە مەزەندە دەکرێت یەک ملیۆن کەس تێیدا نیشتەجێ بن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment