دەستەی کەشناسی عێراق: هەفتەی داهاتوو پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە
دەستەی کەشناسی عێراق ئەمڕۆ هەینی 29ـی ئابی 2025، کەشوهەوای عێراقی بۆ ڕۆژانی داهاتوو، لەگەڵ پێشبینیکردنی بەرزبوونەوەی ئاستی تۆز و خۆڵ و گۆڕانکاری لە پلەکانی گەرمادا، ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەی دەستەکەدا هاتووە، سبەی شەممە 30ـی ئاب، کەشوهەوا ساماڵ دەبێت، بای باکووری ڕۆژئاوا لە ناوەڕاست و باشووردا چالاک دەبێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک، پلەکانی گەرماش لە ناوەڕاست و باکوور و باشووریش کەمێک بەرز دەبنەوە.
دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە "پلەکانی گەرما بۆ سبەی شەممە لە پارێزگای دهۆک 41 پلەی سیلیزی دەبێت، لە هەولێر و سلێمانی 43 پلەی سیلیزی دەبێت، بەغدا و نەینەوا و کەرکوک و واست و بابل و دیوانیە دەگاتە45 پلەی سیلیزی، سەڵاحەدین و دیالە و کەربەلا و نەجەف و موسەنا 46، زیقار 47، بەسرە و میسان 48" پلەی سیلیزی تۆمار دەکەن.
دەستەی کەشناسی ڕایگەیاندووە، "ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، کەشوهەوا ساماڵ دەبێت، لەگەڵ بوونی پەڵە هەور، بای باکووری ڕۆژئاوا لە ناوەڕاست و باشووردا چالاک دەبێت کەدەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک، پلەکانی گەرما لە سەرانسەری وڵاتدا کەمێک بەرزدەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە "دووشەممەی داهاتوو کەشوهەوا ساماڵ دەبێت لەگەڵ دەرکەوتنی هەندێک پەڵە هەور لە باکوور، ، پلەکانی گەرما کەمێک دادەبەزن لە ناوەڕاست و باکوور.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە " کەشوهەوا بۆ سێشەممەی داهاتوو ساماڵ دەبێت، لەگەڵ هەندێک پەڵە هەور لە باکوور، پلەکانی گەرما لە ناوەڕاست و باشوور و لە باکوور کەمێک دادەبەزن.
