ئاگر لە چەند گوندێکی پێنجوێن کەوتووەتەوە

ئاگر لە چەند گوندێکی پێنجوێن کەوتووەتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن.

پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: لە ئێوارەی دوێنێوە ئاگرێکی گەورە و فراوان لە گوندەکانی هەڵاڵئاوا و مەسۆی سەر بە قەزای پێنجوێن کەوتووەتەوە و نزیکە 300 دۆنم پووش و پاوان و دار و درەختی تا ئێستا سووتاندووە.

پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای دەکات، لەکاتی کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکەدا دوو کەس بە سەختی بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراون بۆ چارەسەری، دەشڵێت:  بەهۆی بوونی مین و گوللە هاوەن و تەقەمەنی زۆرەوە لەو ناوچەیە، کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە سەخت بووە، سەرباری ئەوەش، تا ئێستا هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە ئاشکرا نەکراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە شەوی 17 لەسەر 18ـی ئابی 2025، ئاگر لە پوش و پاوانی گوندی چنار و مۆردینی سەر بە هەڵەبجە کەوتەوە، بەهۆیەوە گەنجێکی تەمەن( 28) ساڵ بەناوی ئاری موختار، لەگەڵ پۆلیسێک گیانیان لەدەستدا، دوو کەسی دیکەش برینداربوون،نزیكه‌ی پێنج هه‌زار دۆنم پۆش و پاوه‌ن و ژماره‌یه‌كی زۆر ئاژه‌ڵی كێویی سووتان،  شه‌ش گوند له‌ناوچه‌كه‌ زیانی زۆریان به‌ركه‌وت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment