هێلیکۆپتەرێکی بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی کەوتە خوارەوە
کەمێک پێش ئێستا هێلیکۆپتەرێکی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لەنێوان چیایی هەڕووتە و ئەزمەڕ کەوتە خوارەوە.
ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: ئۆتۆمبێلێک لە چیای ئەزمەڕی سلێمانی کەوتووەتەوە خوارەوە و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە، بەهۆی سەختی شوێنەکەوە هێلیکۆپتەرێک چووە تەرمەکەی بهێنێتەوە، بەڵام ئەویش کەوتووەتە خوارەوە و دوو سەرنشینەکەی بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەحمەد خەمزەیی ئەو هاووڵاتییەی لەنێو ئۆتۆمبیلەکەی بوو لە چیای ئەزمەڕ کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە، تەمەنی 52 ساڵەو دانیشتووی شاری سلێمانییە.
لەکاتی گەڕانەوەی لە ئەرکی خۆی لە ئەزمەڕ لە تاوەرێکی پەیوەندیی، ئەحمەد خەمزەیی دووچاری ڕووداوێکی هاتوچۆ بووەتەوە و لە چیاکە کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.
کەسوکاری ئەحمەد خەمزەیی دەڵێن: لە دوێنێ شەوەوە پەیوەندیی لەگەڵ کەسوکاری نەبووە، دواتر لە دۆڵەکەی خوار چیای ئەزمەڕ تەرمەکەی دۆزرایەوە، دەشڵێن: لەبەر سەختی شوێنەکەی، پەیوەندیمان بە تیمی فڕۆکەوانی سلێمانی کرد، بەڵام فڕۆکەکەش تێکشکا، کاپتنی هەلیکۆپتەرەکە بەناوی عەمید حوسێن فەیزوڵڵا و هاوکارەکەی برینداربوون ئەوانمان گەیاندە نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە، ئێستا تەندروستیان باشە.

عەمید حوسێن فەیزوڵڵا کاپتنی ئەو هێلیکۆپتەرەی لە چیای ئەزمەڕ تێکشکا
