سەربازانی سوپای ئیسرائیل کەوتنە بۆسەیەکی چەکدارانی حەماس

ئەمڕۆ شەممە 30ـی ئابی 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: لە بۆسەیەکی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە گەڕەکی زەیتوونی شاری غەززە، سەربازێکیان کوژراوە و دوو سەربازی دیکەشیان برینداربوون، سەرباری ئەوەش، چوار سەربازیی دیکەیان ون بوون.

ئاژانسەکانی هەواڵی ئیسرائیل جیا لە سەرچاوەکانی سوپا، بڵاویان کردەوە، لە بۆسەیەکی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس، سەربازێکی ئیسرائیل کوژراوە و 9 سەربازی دیکەش برینداربوون، هاوکات چەند سەربازێکیش برینەکانیان سەختە و دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە، چەند سەرچاوەیەکی زانیاریش دەڵێن: ژمارەی کوژراوانی سوپای ئیسرائیل زیاترە، بەڵام ئاشکرای ناکەن.

سەرچاوەکانی هەواڵی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، لە پرۆسەی بەدواگەڕان بەدوای کوژراو و بریندارەکان، 4 سەربازی دیکەیان ونبوون و هۆشداریشیانداوە لەوەی، ئەگەری ئەوە هەیە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بەدیل گیرابن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو یەکە سەربازییەی لە گەڕەکی زەیتوون ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بەڕێوەدەبەن، سەر بە یەکەی(162)ـی لیوای(401)ـی سوپای ئیسرائیلن کە لەگەڕەکەکە کەوتنە بۆسەکەی چەکدارانی حەماس.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی(حەدشوت للو تسنزورا)، ڕووبەڕووبوونەوەی توندی چەکدارای لەنێوان سەربازانی سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس ڕوویداوە کاتێک سەربازانی ئیسرائیل هەوڵیانداوە بریندارەکانیان لەگۆڕەپانی شەڕەکە ڕزگار بکەن، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەلایەنی کەمەوە 9 سەربازی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنەکەدا برینداربوون، هاوکات 4 سەربزیشیان ونبوون و نازانن چیان بەسەرهاتووە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment