ئۆکرانیا: مەشقمان بە هیچ گرووپێک نەکردووە

باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە عێراق ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بەڕووداوی لالەزار بۆ ڕای گشتی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، ئۆکرانیا هەرگیز هیچ چالاکییەکی ئەنجام نەداوە و ئەنجام نادات کە پەیوەندی بە مەشقپێکردنی چەکداران یان بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هەبێت بۆ بەکارهێنانی نایاسایی لە دەرەوەی وڵاتەکەمان.
شەممە 30ـی ئابی 2025، باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە کۆماری عێراق بە توندی ئەو ڕاپۆرتە ناڕاستانە ڕەتدەکاتەوە کە لە هەندێک لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە و گوایە لایەنی ئۆکرانی بەشدارە لە ئامادەکردن یان مەشقپێکردنی ئەو کەسانەی کە لە چالاکی نایاسایی لەسەر خاکی عێراق یان هەرێمی کوردستانی عێراقدا بەشدارن.
دەشڵێت: ئۆکرانیا هەرگیز هیچ چالاکییەکی ئەنجام نەداوە و ئەنجام نادات کە پەیوەندی بە مەشقپێکردنی چەکداران یان بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هەبێت بۆ بەکارهێنانی نایاسایی لە دەرەوەی وڵاتەکەمان.
باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا دەشڵێت: ئەم جۆرە پرۆپاگەندەیە، زانیاریی چەواشەکارانەی ئاشکران کە هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە، ئێمە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست بە هەوڵێک بۆ لەکەدارکردنی ئۆکرانیا و سەرکردایەتییەکەی دەزانین.
باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە عێراق داوای لە میدیاکان کردووە تەنیا پشت بە سەرچاوەی زانیاریی فەرمی و پشتڕاستکراوە ببەستن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و ڕاپۆرتی پشتڕاستنەکراوە بەدوور بگرن.