ئەمەریکا دەیەوێت ناوی وەزارەتی بەرگریی بگۆڕێت

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردووەتەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بیر لەوە دەکاتەوە ناوی وەزارەتی بەرگریی(پێنتاگۆن) بە وەزارەتی(جەنگ) بگۆڕێت، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هەفتەی ڕابردوو، پێشنیازی کردبوو ناوی وەزارەتەکە بگۆڕدرێت.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، گۆڕێنی ناوێکی لەمێژینە بۆ وەزارەتێکی وەک بەرگریی، پێویستی بەوە هەیە کۆنگرێس بڕیاری لەبارەوە بدات، بەڵام کۆشکی سپی بەدوای دۆزینەوەی ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی باباتەکە نەگاتە کۆنگرێس و جێبەجێ بکرێت.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کردووە، گریک ستیۆب، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە ویلایەتی فلۆریدا، داوای هەمووارکردنەوەی یاسای سیاسەتی ساڵانەی بەرگریی کردووە لەپێناو گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگریی، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمارییەکان لە کۆنگرێس، پشتیوانی بیرۆکەکەی دۆناڵد ترەمپ دەکەن بۆ گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگریی بەناوی وەزارەتی جەنگ.
گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئانا کیلی ڕایگەیاند: وەک دۆناڵد ترەمپ گوتوویەتی، سوپاکەمان سەرنجی لەسەر هێرشکردنە نەوەک بەرگریی کردن، بۆیە بیر لەوە کراوەیەوە ناوی وەزارەتەکە لە بەرگرییەوە بگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی جەنگ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دووشەممەی ڕابردوو لە ئۆفیسی خۆی لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: وەزارەتی جەنگ زۆر بەهێز و کاریگەرتر دەبێت لە وەزارەتی بەرگریی، چونکە وەزارەتی جەنگ ناوێکی سەنگینترە، دەمانەوێت بەرگریی بکەین، بەڵام لەگەڵ ئەویشدا دەمانەوێت هێرشیش بکەین.