شێروان دووبەردانی: بەغدا هەر ڕۆژە و بیانووێک بە هەرێمی کوردستان دەگرێت

شێروان دووبەردانی
شێروان دووبەردانی

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەغدا هەر ڕۆژە و بیانووێک بە هەولێر دەگرێت، نیازی ئەوەشی هەیە تا دوای هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەم، هیچ مووچەیەکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان، نەنێرێت. 

یەکشەممە 31ـی 8ـی 2025، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:  بەغدا بەردەوامە لەو سیاسەتەی بەرانبەر هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات، پرسی مووچەی کردووەتە بابەتێکی سیاسی. 

دەڵێت: بەغدا 690 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و  300 ملیار دینار ماوە، بە بیانووی ئەوەی هێشتا نووسراوی بانکی ناوەندی بۆ وەزارەتی دارایی نەهاتووە، گوتی:  سەبارەت بە 120 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان، بەغدا ڕۆژانە ئاستی داواکارییەکانی بەرانبەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە، ئەو فشارەش بۆ سەر کوردستان سوودی نییە.

شێروان دووبەردانی گوتی:  فشاری سیاسی هەیە، هەندێ لەلایەنە کوردستانییەکان ڕۆڵیان لە دروستکردنی کێشەکە هەیە کە بەدەنگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چوونەتە بەغدا، ئەو لایەنە کوردیانە بوونەتە پارێزەری بەغدا دژی شایستەکانی هەرێمی کوردستان.

دەڵێت: هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 150 دینار هەیە بۆ وەزارەتەکانی و نەخۆشخانەکانی، ئەوانەی بەغدا لە هەرێمی کوردستانی داوای دەکات، نە لە دەستوور، نە لە هیچ یاسایەک ئاماژەی بۆ کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕگەی(21)ـی یاسای بوودجەی عێراق زۆر بەڕوونی باسی داهاتەکانی نا نەوتی دەکات، باسی پارێزگاکانی عێراق دەکات نەوەک پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا وەک بیانوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای تەواوی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوەش واتای ئەوەیە، مانگەکانی داهاتوو، بەغدا ئاستی داواکارییەکانی زۆر زیاتر بەرز دەکاتەوە لەپێناو ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت، لە ئەمڕۆوە، بەغدا دەستی کردووە بەوەی، بیانووی نوێ بە هەرێمی کوردستان دەگرێت.

دەشڵێن: ناردنی مووچەی مانگی شەش لەلایەن بەغداوە، وەک نیشاندانی نیازپاکییە بۆ هەرێمی کوردستان، وا نیشان دەدات خێر بە هەرێمی کوردستان دەکات، نەوەک مافێکی دەستووری و یاسایی بە هەرێمی کوردستان بدات.

لەبارەی چوونی دوو شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە هەفتەی داهاتوودا بۆ پرسەکانی داهاتی نانەوتی و داهاتەکانی نەوت، شێروان دووبەردانی گوتی: حکوومەتی عێراق بە پیلان دەیەوێت مووچەی خەڵکی کوردستان دوا بخات تا هەڵبژاردن دێتە پێشەوە، بۆ ئەوەی دەنگی دەنگدەران بۆخۆی کۆبکاتەوە، بەڵام پێم وایە درێژ دەبێتەوە بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە بە بیانووی جیاواز، دەشڵێت: بەپێی ئەوەی ئێمە لە بەغداین و ئاگەدارین، حکوومەتی عێراق دەیەوێت تا دوای هەڵبژاردن مووچەی مانگەکانی تەمووز و ئابی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت.

لەبارەی کاریگەرییەکانی دەستوور و یاساش لە عێراق، شێروان دووبەردانی دووپاتی کردەوە، دەستوور و یاسا لە عێراق ڕۆڵی نییە، بەڵکو سەرکردە شیعەکان و هەندێ لایەنی سیاسی و چوارچێوەی هەماهەنگیی ڕۆڵی سەرەکییان هەیە، بۆیە پێویستە فشارێکی زۆر بخرێتە سەر بەغدا، پێویستیشە کورد بە هەموو لایەنەکان و فراکسیۆنە جیاوازەکان، هەڵوێستێکی یەکگرتوو نیشانی بەغدا بدەن لەپێناو داکۆکی لە مافەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، چونکە مووچەخۆرانی کوردستان بوونەتە قوربانیی ئەو ململانێیەی بەغدا لەگەڵ هەولێری دەکات.

 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment