ئەوکەسانەی ناوی منداڵەکانیان تۆمار دەکەن بۆ پسولەی خۆراک پێویستە هەژماری بانکی خۆیان هەبێت

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تۆمارکردنی ناوی منداڵ و گواستنەوەی لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە بە پارە دەبێت و پێویستە ئەو کەسە هەژماری بانکی تایبەت بەخۆی هەبێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند:ئەمڕۆ دوا وادەی خۆتۆمارکردنە لە ئەپڵیکەیشنی پسوولەی خۆراک و کاتژمێر 12ـی شەویش خۆتۆمارکردن کۆتایی دێت و لە دوای ئەو کاتەوە خۆتۆمارکردن دەبێتە پارە، بۆ هەر سەر خیزانێکیش 11 هەزار دینار وەردەگیرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای ئەم ڕێککەوتە پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی منداڵ و گواستنەوە و تەواوی پرۆسەکانی دیکە دەستپێ دەکات، بەڵام پێویستە ئەو کەسە خاوەنی هەژماری بانکی تایبەت بەخۆی بێت، ئەگەر نا دەبێت لەلای بریکاری خۆراک پڕیباکەتەوە، بۆ هەر یەکێک لەم پرۆسانە بڕێک پارە وەردەگیرێت، کە وەزارەتی بازرگانی عێراق دیاریکردووە.
نەوزاد شێخ کامیل گوتی: تاوەکوو ئێستا تۆمارکردنی پسولەی خۆراک بەمشێوەیە:
هەولێر: 88%
سلێمانی: 87%
دهۆک: 83%
هەڵەبجە: 89%
کۆی گشتیی: 86%
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار بریکاری ئارد و خۆراک هەن و پێنج ملیۆن و 350هەزار کەس بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن.
لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە دوو هەزار و 297. بریکاری ئارد و خۆراک هەن.
پێشتر لە 8ی ئایاری 2025، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی بریکارەکانی خۆراک وەک یەکەم پارێزگا بە فەرمی لە هەڵەبجە کارا کرا.