شاندێکی باڵای دەوڵەتی ئیمارات دەگاتە هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، شاندێکی باڵای دەوڵەتی ئیمارات بە سەرۆکایەتی نورە ئەلکەعبی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە، دەگاتە فڕۆکەخانەی هەولێر.
شاندەکە لە شێخ سالم بن خالد ئەلقاسمی وەزیری ڕۆشنبیری و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ئیمارات پێکهاتوون و لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ پێشوازیان لێ دەکرێت.
ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر ڕایگەیاند: لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئامادەکاریی بۆ پێشوازیی لە شاندەکەی ئیمارات کراوە، بڕیارە شاندەکە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆببێتەوە، جگەلە هەولێر، سەردانی پارێزگای موسڵیش بکەن، وەک لە پلان و بەرنامەکانی شاندەکەدا هەیە، لە هەولێر چەند چالاکییەک ئەنجام دەدەن، لەوانەش بەسەرکردنەوەی پرۆژەکانیان، یەک لەو پرۆژانە نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی (نوری)-یە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند ڕۆژێک لە هەولێر دەمێننەوە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژە بەوەشدەکات، سەردانی شاندەکە بۆ هەولێر، بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیماراتە، لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی.