شاندی باڵای دەوڵەتی ئیمارات گەیشتە هەولێر

شاندی دەوڵەتی ئیمارات بەسەرۆکایەتی نورە ئەلکەعبی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە، گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر.
ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، شاندی دەوڵەتی ئیمارات بەسەرۆکایەتی نورە ئەلکەعبی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە و بەیاوەری شێخ سالم بن خالد ئەلقاسمی وەزیری ڕۆشنبیری و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ئیمارات گەیشتنە هەولێر و لەلایەن لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لێکرا.
وەک ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر ڕایگەیاند: ئامانجی سەردانی شاندی باڵای دەوڵەتی ئیمارات بۆ هەولێر، پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایتەییەکانە لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیمارات.
بڕیارە شاندەکە، پاش گەیشتنیان بۆ هەولێر، بەیاوەری وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو موسڵ بەڕێ بکەون بۆ کردنەوەی مزگەوتی(نوری) لەو شارە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1172ـی زاینی، ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە وێرانکرا، دوای دەرکردنی داعشیش لەو شارە، دەوڵەتی ئیمارات ئەرکی نۆژەنکردنەوەی گرتە ئەستۆی خۆی بسەرپەرشتی ڕێکخراوی یۆنسکۆ، بڕی زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەکە تەرخان کرد.
بەپێی زانیارییەکانیش، شاندەکە دوای گەڕانەوەیان لە شاری موسڵ، بڕیارە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببەنەوە و چەند پرۆژەیەکیش لە هەولێر بەسەر بکەنەوە.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 150 کۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و بەبڕی 2.57 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە کەرتە جیاوازەکاندا کردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ساڵانە بایی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار کاڵا و شمەک لە ئیماراتەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
کونسوڵخانەی گشتی دەوڵەتی ئیمارات، ساڵی 2012 لە هەولێر کرایەوە، کونسوڵخانەکە سەرپەرشتی کارەکانی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەکات، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی کردنەوەی کونسوڵخانەکە لە هەولێر، پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستایەتی مێژوویی نێوان دەوڵەتی ئیمارات و عێراق و هەرێمی کوردستانە.
ئەو فڕۆکەیەی شاندی ئیمارات کە ئەمڕۆ گەیشتنە هەولێر، تایەکی تەقی، بەڵام فڕۆکەکە بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر نیشتەوە.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەبارەی ئەو ڕووداوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تیمەکان لە ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی هەمیشە لە ئامادەباشیدان، حاڵەتی لەناکاومان ڕاگەیاند تاکوو فڕۆکەکە بە سەلامەتی نیشتەوە.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر دەڵێت: کاپتنی فڕۆکەکە داوای کرد حاڵەتی لەناکاوی بۆ ڕابگەیەنین، بۆیە ڕامانگەیاند و (مەدرەج)مان داخست تاکوو نیشتەوە، دەڵێت: ئەوەی ڕوویداوە، حاڵەتێکی ئاساییە، 48 خولەک( مەدرەج)ی فڕۆکەخانە داخرا، دواتر ئاسایی بووەوە.