ڕووباری حللە پیس بووە و مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە

لە کەناراوەکانی ڕووباری حللە دۆخەکە وەکو پێشوو نییە، بەڵکو ئاوەکە پیس بووە و دەنگی ئاگەدارکردنەوەش لەهەموو لایەک دەبیسترێت.

کەڵەکەبوونی پاشەڕۆ لەنێو ئاوی ڕووباری حللە و دابەزین ئاستی ئاو، وای  کردووە ئاوەکە ببێتە ڕێڕەوی ئاوەڕۆی پیس، پیسبوونی ئاوی ڕووباری حللە، ترسی لای هاووڵاتییانی ناوچەکە دروست کردووە، چونکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی تەندروستی هەیە.

مەکی شەممەری، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی بابل بۆ کوردستان24 گوتی: بە وردی چاودێری دۆخی ڕووباری حللە و هەموو ئەو ڕووبارانەش دەکەین کە بە سنووری بابلدا تێدەپەڕن، هەموو ئەوانە سزا دەدەین کە دەستیان لە پیسکردنی ڕووباری حللە هەیە و زبڵو خاشاک فڕێدەدەنە نێو ڕووبارەکە، سوپاس بۆ خودای گەورە کە ئاستی پیسبوون کەمبووەتەوە، هەرچەندە بەشێکی زۆری پیسبوونی ئاوەکە دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی ئاستی ئاو بەهۆی وشکە ساڵییەوە.

لەلایەکی دیکەوە، پسپۆران پێیان وایە، پیسبوونی ڕووباری حللە کاریگەریی نەوەک تەنیا لەسەر مرۆڤ هەیە، بەڵکو مەترسیی لەسەر سامانی ئاژەڵیش هەیە.

محەممەد ئیبراهیم، پسپۆری ژینگەیی بە کوردستان24ـی گوت: هەرچەند هەوڵ دەدرێت ڕووباری حللە پاک بکرێتەوە، بەڵام هێشتا خەڵکانێک ماون زبڵ و پاشەڕۆ فڕیدەدەنە نێو ئاوەکە، هەندێ لە پاشەڕۆکانیش بەرهەمی خۆراکی و پزیشکین، ئەوەش مەترسیدارە بۆ سەر مرۆڤ، چونکە ئاوەکە کەرەستە پزیشکییەکان بۆ چەند ناوچەیەکی جیاواز دەگوازێتەوە.

ڕووباری حللە ساڵانێکە بەو شێوەیە پشتگوێ خراوە، خەڵک دەستیان بە پاککردنەوەی کردووە، پێش ئەوەی درەنگ بێت و کارەساتێکی ژینگەیی لێبکەوێتەوە.