ئاگر لە شوقەکانی مامۆستایانی هەولێر کەوتەوە

ئاگر لە شوقەکانی مامۆستایانی هەولێر لەسەر شەقامی 150 مەتری کەوتەوە و تا ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، ئاگر لە شوقەکانی مامۆستایانی هەولێر لەسەر شەقامی 150 مەتری کەوتەوە و ژمارەیەک دووکان و شوقە تا ئێستا سووتاون، تیمەکانی بەگریی شارستانیی گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرەکە، بەڵام تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

ئازەر فاروق، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر ڕایگەیاند: ئاگرەکە لە دووکانێکی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە کەوتووەتەوە و دەورووبەری گرتووەتەوە، هەرچەند تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە، سەرباری ئەوەش زیانی گیانی لە ئاگرەکە نەزاندراوە.

بەپێی زانیارییەکان، پیاوانی پاسەوانی شوقەکان تەقەیان کردووە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ئاگەدار ببنەوە لە ئاگرەکە.

 موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر بۆ کوردستان24 گوتی: هەوڵدرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و نەگاتە شوقەکانی دیکە، هەرچەند چەند دووکانێک لەژێرەوەی شوقەکان سووتاون، دەڵێت:  ڕووداوەکە زیانی گیانی نەبووە، 15 تیمی ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان دا.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئاماژەی بەوەشکرد، خێرایی گەیشتنی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی وای کرد ئاگرەکە بڵاونەبێتەوە، دەشڵێت: تەنها شوقەیەک سووتاوە.

 

 
 
 
 
 
 
 
 

 

 

Fly Erbil Advertisment