مەسرور بارزانی و هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی هۆڵەندا پێشخستنی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و کریستۆف پرۆمێرشبێرگەر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندا، پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کریستۆف پرۆمێرشبێرگەر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئەدریان ئایسلستین، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا .
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی هۆڵەندای کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە چاکسازییەکانی حکوومەت لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری، بە تایبەتی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵی کوردستان.
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندا، ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێم و میوانداریکردنی ئاوارە و پەنابەرانی کرد.
هەروەها ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا، شاندێکی بازرگانیی هۆڵەندی، بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری سەردانی هەرێم بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.