دیبەیتی مایک پێنس و هاریس؛ "مێشێک براوە بوو!"
جۆو بایدن کاتی بەفیڕۆنەدا بۆ فرۆشتنی مێشکوژ

K24 - هەولێر
پێش دەستپێکردنی دیبەیتی جێگرانی سەرۆکی ئەمەریکا، دەنگۆ لەبارەی ئەوەبوو: مایک پێنس یان کامالا هاریس دەیباتەوە، کەچی ئەستێرەی دیبەیتەکە مێشێک بوو، کە زیاتر لە دوو خوولەک بە سەر قژە سپییەکەی پێنس نیشتەوە.
مێشەکە ئەوەندە دەنگۆی نایەوە، بەجۆریک لە تویتەر بووەتە ترێند و تەنانەت ئەکاونتێکیش بەناوی "مێشەکەی مایک پێنس - Mike Pence’s Fly) دانرا، لەماوەی چەند کاتژمێرێکیشدا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 82 هەزار فۆڵۆوەرزی هەیە!
یەکێک لەو کەسانەی تەنزی لە مایک پێنس و مێشەکەی سەر سەری داوە، جۆو بایدن، بەربژێری دیموکراتەکانە بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا. بایدن وێنەی خۆی لە تویتەر بڵاوکردووەتەوە، کاتێک مێشکوژێکی بەدەستەوەیە و نووسیویەتی "پێنج دۆلار ببەخشە بۆ ئەوەی یارمەتیمان بدەی ئەو کەمپەینە بفڕێنین"، لە زمانی ئینگلیزی وشەی (FLY) بەمانای فڕین و مێشیش دێت.
هەروەها تیمەکەی بایدن هیچ کاتێکیان بەفیڕۆ نەدا و یەکسەر دەستیان بە فرۆشتنی مێشکوژ کرد. مێشکوژەکە ئەو پەیامەی لەسەر نووسراوە "راستی لەسەر مێش" و نرخیشی 10 دۆلارە.
